تەرمی یەکێک لە کوژراوەکانی تێکهەڵچوونەکەی شنۆ رادەستی بنەماڵەکەی ناکرێتەوە

15:50 - 9 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە حکوومەتییەکانی ئیسلامی ئێران خۆیان لە رادەستکردنەوەی تەرمی یەکێک لە کوژراوەکانی شاری شنۆ بواردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە حکومەتییەکانی ئیسلامی ئیران ئامادە نین کە تەرمی ریبوار مەولوودی خەڵکی بەخشی \"نەڵۆس\"ی سەر بە شنۆ رادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکوومەتییەکان لەرێگەی تەلەفوونەوە بە بنەماڵەی مەولوودییان وتووە کە تەرمی رێبوارییان رەوانەی گۆرستانی \" باخی رەزوان\"ی ورمێ کردووە و رادەستیان ناکەنەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، بنەماڵەی مەولوودی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە و پێیان راگەیەندراوە بۆیان نیە پرسە بۆ رۆلەکەیان دابنێن.

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان لەئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە دەورووبەری شنۆ، رێبوار مەولوودی گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی رەوانەی ورمێ کرابوو.

هەر لەو رووداوەدا هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی جەسیم قوربانی بریندار ببوو و لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ورمێ راگوێزرابوو.