تەرمی ٦ زیندانیی لەسێدارەدراوی مەزهەبیی کورد، لە کەرەج نێژران

14:11 - 14 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا بنەماڵەی ٦ زیندانیی مەزهەبیی لەسێدارەدراوی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج کە چاوەڕوانی وەرگرتنەویە تەرمی کوڕەکانیان بوون، دەزگای ئەمنییەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەرمی ئەو ٦ زیندانییە کوردەی رادەستی بنەماڵەکەی نەکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٣ی رەشەمە، بنەماڵەی، حامید ئەحمەدی، کەماڵ مەلایی، سەدیق محەمەدی، جهانگیر دێهقانی، جەمشید دێهقانی و هادی حوسێنی، کە بۆ داویین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکانیان و وەرگرتنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوی رۆڵەکانیان سەردانی شاری کەرەجیان کردبوو، پاش ٢٤ کاتژمێر چاوەڕوانی لەبەردەم زیندان رەجایی شار و گۆرستانی بەهەشتی سەکینەی کەرەج، تەرمی کوڕەکانیان پێنەدرایەوە.

بەگوتەی کەسوکاری زیندانییانی مەزهەبیی لەسێدارە دراو، پاش ئەوەی هەرکام لە بنەماڵەی زیندانییانی لەسێدارە دراو کەسێکیان بۆ ناسینەوەی کوڕەکانیان بانگ کران، تەرمەکان بە بڕیاری دەزگای ئەمنیەتیی و بەبێ ئامادەبوونی کەسوکاریان لە گۆرستانی بەهەشتی سەکینەی کەرەج نێژران.

دەگوترێ، زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئەندامان و بنەماڵەی کەسوکاری زیندانیان بۆ وەرگرتنەوی تەرمی ئەو زیندانیانە چووبوونە گۆڕستانی کەرەج، بەڵام لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەیان پێکرا.

لەکاتێکدا بڕیاربوو شەوی رابردوو، بنەماڵەی زیندانیانی مەزهەبیی لەسێدارەدراوی کورد لە ماڵی کەسوکاری خۆیان لە شاری قوروە بمێننەوە بەیانیی ئەمرۆ بگەڕێنەوە بۆ شاری سنە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری قوروە هێرشیان کردۆتە سەریان و بە مەبەستی رێگری کردن لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ زیندانیانی لەسێدارەدراو، لەکاتی نیوەشەودا رەوانەی شاری سنەیان کردوونەتەوە.

کانوونی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە لەسێدارەدانی ٦ زیندانیی مەزهەبیی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانەی بە ناعادڵانە لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە: \"لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانە نیشانەی نەزانی و بێ کیفایەتیی دەزگای قەزاییە\".

شیرین عیبادی بەرپرسی کانوونی مافی مرۆڤ: لە بەیاننامەیەدا نووسیویەتی: لەگەڵ ئەویەکە لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانە ناعەداڵەتییەکی دیکەی دەزگای قەزاییە، بەداخەوە ئەو دەزگایە بۆتە بازیچەی دەستی مەئموورانی ئەمنیەتی.

هاوکات ١٦ کەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لە نامەیەکدا لەژێر ناوی \"ماشینی سێدارەش چارەسەرنییە\" بەڕێوەبەردی حوکمی سێدارەی ئەو ٦ زیندانییە مەزهەبییەیان بە هۆڤانە‌ترین و دژە مرۆڤانەترین هەڵسووکەوتەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە قەڵەم داوە.

ئەو زیندانییە سیاسییانە دەشڵین\" گومانی تیدا نییە کە بەڕێوەبردنی یەک لەدوای یەکی حوکمی سێدارەی زیندانیان لە کاتێکدا کە رژیم پێویستیی بە بەزەیی رۆژئاوا بۆ ێکەوتن لەسەر دۆسیەی گوماناویی ناوکییە، تەنیا بەهۆی ترس لە سەرهەڵدانی جەماوەری، کێشەی نێو بالەکانی دەسەڵات، قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و رووخانی حکوومەتە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو ٦ زیندانییەی بە کوشتنی مەلا محەمەد شێخەلئیسلام تۆمەتبار کردبوو، بەڵام ئەو زیندانیانە رایانگەیاندبوو، کە ٢ مانگ بەر لە کوژرانی ناوبراو دەستبەسەر کراون، کە دواتر بە تۆمەتی \"محاربە\" حوکمی لەسێدارەدرانیان بۆ بڕایەوە.