تەحسین دادڕەس پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی مەریوان
ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە مەریوان، پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ئەو شارە.
ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٩، هاتبووەوە مەرەخەسی و ڕۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوە، پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی دیسانەوە گەڕابووەوە بۆ زیندانی مەریوان و مەرەخەسییەکەی بۆ جارێکی دیکە درێژ کرابووەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٩٩، بۆ یەکەمجار هاتبووە مەرەخەسی کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان مەرەخەسیی ناوبراوی هەڵوەشاندبووەوە.
تەحسین دادڕەس، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٩٩، لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، دووبارە لە زیندانی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.
پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی ئەویکە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕەت کردبووەوە لەلایەن جێگری بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان خرابووە ژێر گوشارەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ٩٧ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو.
شەوی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەوتوو لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.