تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیاسیی کورد هاتە مەرەخەسی

16:45 - 4 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ شەممە ٤ی ڕێبەندان، تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی "سەردۆش"، لە زیندانی مەریوان هاتە مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی زیندانیبوونیدا، ئەوە بۆ یەکەم جارە کە هاتووەتە مەرەخەسی.

بەرپرسانی زیندانی مەریوان، چەندین جار لەگەڵ هاتنە مەرەخەسیی تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیاسیی کورد دژایەتییان کردبوو.

 تەحسین دادڕەس، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، دووبارە لە زیندانی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی ئەویکە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕەت کردبووەوە لەلایەن جێگری بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان خرابووە ژێر گوشارەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ٩٧ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو.

شەوی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەوتوو لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.