تەبانی کردن بۆ داگیرکردنی زەوی لە لایەن سپای پاسداران لەشاری ڕەبەت

14:38 - 25 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: چەندین هێکتار لە زەوییەکانی نێوەڕاستی شاری ڕەبەت لە لایەن سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشتەوە دەستی بەسەردا گیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سپای پاسداران لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شاری ڕەبەت بە هەڵواسین و دانانی تابلۆ لە سەر کۆمەڵێک زەوی نێو شاری ڕەبەت ڕایگەیاندووە کە خاوەنی ئەو زەوییانەیە.

پانتایی ئەم زەوییانە زیاتر لە ٩ هێکتارە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای گووتووە: لە سەرەتای شەڕی ٨ ساڵەوە، زەوییەکانی ناوەندی شاری ڕەبەت کراون بە شوێنی سەربازی بۆ هێزەکانی سپا و تاکوو چەند ساڵ پێش ئێستاش ئەم زەوییانە کە بە مڵکی گشتی دەناسرێن لە ژێر دەسەلاتی ئەواندا بووە.

\"29785.jpg\"
تەبانی کردن بۆ داگیرکردنی زەوی لە لایەن سپا
ناوبراو کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لە بڕیارێکی شارەداریی ڕەبەت لەمەڕ دانی ئەم زەوییانە بە توێژە کەم داهاتەکان و کارگێڕانی حکومەتی کرد و گوتی: لە چەند مانگی ڕابردوودا سپای شارستانی سەردەشت بەبیانووی سنووری بوونی ناوچەکە و خاوەندارەتی زەوییەکان، ئیزنی بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی شارەداری نەدا.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە بەهۆی \"ڕانتی ئیتلاعاتی سپا\" و تەبانیکردن لەگەڵ دەزگا ئاوەدانی و خزمەتگووزارییەکانی وەک شارەداری و کاروباری کۆچەرە بیانییەکانی پارێزگای ورمێ، زەوییەکانی ناوەندی ڕەبەت بوون بە مڵکی سپا.

بۆ ماوەی ٥ ساڵ، ئەم زەوییانە شوێنی مانەوەی کوردەکانی هەرێمی کوردستان بووە کە لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ ەوە بەرەو سەردەشت و ڕەبەت کۆچیان کردبوو.

ناوەبەناوە ڕاپۆرتگەلێکی لەم چەشنە کە باس لە داگیرکردنی زەوییە لەبار و بەپیتەکان دەکات بڵاو دەبێتەوە کە لەلایەن دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

دیاردەی \"زمین خواری\" لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بووەتە قەیرانێکی سەرانسەری بەچەشنێک کە لە شەڕە زێڕینگەرانەکانی باندە حکومەتییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا جێگری هێزی داوەری لە سەرماوەزی ئەمساڵدا ئاشکرای کرد: لە 2 دەیەی رابردوودا ئەم دیاردە لە ئێران پەرەی سەندووە کە هۆکارەکەی تێکەڵ بوونی کەسانی گەندەڵکار بە سیستمی دەسەڵات بووە.