تێکچوونی باری تەندروستی یەکێک لە گیراوەکانی شاری پاوە

14:30 - 25 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە گیراوەکانی شاری پاوە کە لە زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا راگیرابوو، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاراس حاتەمی خەڵکی شاری پاوە کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، باری تەندروستی تێکچووە و بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە راگوێزراوە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

لەلایەکی دیکەوە خوسرەو کوردپوور بەرپرسی ئاژانسی موکریان کەلە رێکەوتی ١٧ی رەشەممە و لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستبەسەر کرابوو، \"مێعدە\"ی بە سەختی تووشی ئازار هاتووە و بەو هۆیەوە خراوەتە ژێر چاوەدێری پزیشکییەوە.

لەماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا ٢١ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پاوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی ئەو شارە بوون و هەتا ئێستاش ١٥ کەسیان لە دەستبەسەری دان.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رەشەمەوە هەتا ئێستا ٦١ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستاش لە چارەنووسی زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.