تێکهەڵچوونێکی نیزامی لەنێوان سپای پاسداران و گرووپێکی چەکدار لە سنووری سەڵماس ڕووی داوە

11:43 - 22 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕ، تێکهەڵچوونێکی نیزامی لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپێکی چەکدار، لە سنووری شاری سەڵماس هاتووەتە ئاراوە.

لەو تێکهەڵچوونەدا، دوو ئەندامی سپای پاسداران بە ناوەکانی "تۆحید مورادی" و "مەهدی خەلیلی"، کوژراون.

هەواڵنێری کوردپا لە سەڵماس ڕایگەیاندووە: "ئەو تێکهەڵچوونە لە دەورووبەری گوندی "کەشکاوێژ" سەر بە سەڵماس ڕووی داوە و سپای پاسداران بەچڕی بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیەی تۆپباران کردووە و زیانێکی زۆری بەر ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە".

قەرارگای هەمزەی سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک، ڕوودانی ئەو تێکهەڵچوونەی پشتڕاست کردووە.

قەرارگای هەمزە لەو بەیانییەدا، ئاماژەی بە شوناسی ئەو گرووپە چەکدارە نەکردووە، بەڵام ئەو تێکهەڵچوونەی داوەتە پاڵ حیزبە کوردییەکان.

هەتا ئێستا هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەرپرسایەتیی ئەم تێکهەڵچوونەی وە ئەستۆ نەگرتووە.