تێکهەڵچوونێکی نیزامی لە جادەی مەهاباد ــ بۆکان ڕووی داوە

11:36 - 1 جۆزەردان 2721

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، تێکهەڵچوونێکی نیزامی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە ڕێگای جادە بورهان (جادەی نێوان مەهاباد ــ بۆکان) ڕووی داوە.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکرات، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕوودانی ئەم تێکهەڵچوونەی پشتڕاست کردەوە و باسی لە گیانلەدەستدانی دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی "ئەنوەر نەسیریی‌چیانە" و "سوهراب خەدیری‌پوور"، خەڵکی مەهاباد، کردووە.

ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، هەتا ئێستا لەبارەی ئەم تێکهەڵچوونە و ڕاگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هیچ دژکردەوەیەکیان نەبووە.