تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە جادەی مەهاباد ــ پیرانشار

15:52 - 9 جۆزەردان 2721

شەوی شەممە ٨ی جۆزەردان، تێکهەڵچوونێکی نیزامی لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سپای پاسداران لە جادەی مەهاباد ــ پیرانشار، لە نزیکیی گوندی "لکبن"، سەر بە پیرانشار ڕووی داوە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕایگەیاندووە کە لەو دەرگیرییەدا دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی "هادی شێخە"، خەڵکی گوندی "پەسوێ" و "ئەیووب سوڵتانی"، خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە پیرانشار، گیانیان لەدەست داوە.

سەرچاوەی کوردپا لە پیرانشار ڕایگەیاندووە کە شوێنی ئەو دەرگیرییە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە میلیتاریزە کراوە و پەهبادەکانی سپا لەحاڵی سووڕاننەوەدان.

هەروەها پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای هەمزەی سپای پاسداران، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ڕوودانی ئەو دەرگیرییە لە شاری پیرانشار بڵاو کردووەتەوە.