\"تێلێگرام\" داوای حکوومەتی ئێرانی بۆ \"سیخوڕی لەسەر بەکارهێنەرانی ئێرانی\" رەد کردەوە

21:29 - 29 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی پەیوەندییەکان و تێکنۆلۆژیی ئێران، داوای لە کۆمپانیای \"تێلێگرام\" کردووە کەرەستەکانی سیخوڕی و سانسۆری ئەپلیکەیشنی \"تێلێگرام\" بخەنە خزمەت ئەو وەزارەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاول دۆرف، دامەزرێنەر و بەرپرسی گشتیی کۆمپانیای \"تێلێگرام\"، وێڕای پشتڕاست‏کردنەوەی ئەو هەواڵە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەسەر ماڵپەڕی کۆمەڵایەتیی توویتێر ڕایگەیاندووە کە \"تێلێگرام ئەو داواکارییەی رەد کردووەتەوە\".

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی تویتی بەرپرسی کۆمپانیای \"تێلێگرام \" لە تویتێر، حکوومەتی ئێران دەست‏پێڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی \"تێلێگرام\"ی لەو وڵاتە ڕاگرتووە.

\"28843.jpg\"
پاول دۆرف لە تویتێکی دیکەی خۆیدا دڵنیایی دەداتە بەکارهێنەرانی تێلێگرام کە بە مەبەستی سیخوڕی کردن لەسەر بەکارهێنەرانی ماڵپەڕەکەی هاوکاریی ئێران ناکات.

ماڵپەڕی \"گرداب\" گرێدراوی \"ناوەندی توێژینەوەی تاوانە پلان‏بۆداڕێژراوەکان\" کە بەشێک لە فەرماندەیی سیستمی بەرگری سایبێریی سپای پاسدارانە، لەمەڕ بەکارهێنەرانی \"تێلێگرام\" هۆشداری بە بەکارهێنەرانی ئێرانی دابوو.

\"گرداب\" نووسیویە، هێندێک لە ماڵپەڕەکانی دژبەر، لە تێلێگرام‏دا دەستیان داوەتە ڕێکخستنی کاناڵ، هەوڵێک کە دەتوانین وەکوو دزە کردنی دوژمن لەقەڵەمی بدەین.

تێلێگرام بە هۆی ئەوەی کە لە بواری ئەمنیەتییەوە پارێزراوترە لە بەرنامە هاوشێوەکانی وەکوو؛ وایبێر و واتس ئاپ، لەگەڵ پێشوازیی بەرینی بەکارهێنەرانی ئێرانی بەرەوڕوو بووەتەوە .

بەپێی ئامارێک کە وەزارەتی \"ارتباطات\"ی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لانیکەم ١٣ میلیۆن کەس لە ئێراندا تێلێگرام بەکار دێنن، بەڵام بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە، نزیکەی ٢٠ میلیۆن هاووڵاتیی ئێرانی تێلێگرام بەکاردێنن.