تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران مەرجی سیخوڕییان بۆ دادەنرێت

14:57 - 10 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەیکە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند کە نیازی فیلتێرینگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان نیە، ئەو جارە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و سیخوڕی کردن لەسەر هاووڵاتیان، باس لە فیلتێرینگی هۆشمەند دەکەن.

بەپێی هەواڵەکان، ڕۆژی شەممە هەشتی جۆزەردان، لە کۆبوونەوەی شوورای بەرزی فەزای مەجازی و بە ئامادەبوونی خودی حەسەن ڕووحانی وەکوو بەرپرسی ئەو شوورایە، بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە تۆڕەکۆمەڵایەتییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان خرایە بەر باس و بەشگەلێک لەو بەڵگەنامەیە پەسەند کرا. لە پەسەند کراوەکاندا بڕیاڕ دراوە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە چالاکەکان لە ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا داتاکانی خۆیان لە نێوخۆ پاشەکەوت بخەن.

شایانی باسە لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆمپانیا ڕاگەیەنە بیانییەکان بۆ ئەوەی لە چالاکییەکانیان لە نێوخۆی ئێران بەردەوام بن، مەرجی سیخوڕییان بۆ دانراوە. بە پێی ئەو داواکارییە، ئەو کۆمپانیاگەلە ئەرکدار دەکرێن بەوەیکە زانیاری و چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە هاووڵاتیانی ئێرانی ڕادەستی ئێران بکەنەوە.

پەرەگرتوویی و کارئاسانی لە بواری کەڵک وەرگرتن و پێوەندی گرتن لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وای کردووە کە بۆ نموونە ڕایەڵەی تێلێگرام زیاتر لە ١٥ میلیۆن بەکارهێنەری لە نێوخۆی ئێران هەبێت، ئەوەش وادەکات کە ببێتە خاڵێکی جێێ سەرنجی تۆڕی بەربڵاوی ناوەندە سیخوڕییەکانی سەر بە دەوڵەت لە ئێراندا.

یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی ئێران- تەدبیر و ئومید-، دوور خستنەوەی شارۆمەندان لە سەرچاوە ڕاستەقینەکانی زانیاریی و پێدانی زانیاریی ناڕاستە لە ڕێی ڕایەڵە کۆنتڕۆڵ کراوەکانی خۆیانەوە.