تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارنەوە بەردەوامە

12:15 - 24 خەرمانان 2721

لە ماوەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ٢٢ و ٢٣ی خەرمانان، تۆپخانەکانی سپای پاسداران خاکی هەرێمی کوردستانیان، تۆپباران کردووە.

سپای پاسداران لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا، ناوچەکانی "بەربەزین و سیدەکانـ"ـی تۆپباران کردووە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە زیانێکی بەرچاوی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیاندووە.

هەروەها فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەرمانان، دڕۆن و شەڕکەرەکانی ئێرانی، بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچانە سووڕاونەتەوە.

لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانان، سپای پاسداران دەستی بە بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان کردووە و هەتا ئێستا ئەم هێرشانە بەردەوامە.