تۆمەتی دوو هاووڵاتیی کورد لە لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕوون کرایەوە

10:37 - 22 رێبەندان 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەنوەر چالشی"، خەڵکی گوندی "لۆرزنە" و "کامیل جەباروەند"، خەڵکی گوندی "چریاوا" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، لە لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ، تۆمەتەکەیان ڕوون کرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کران.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز، ئەو دوو هاووڵاتییە وێڕای هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "مووسا ئالووسی"، خەڵکی گوندی "وەلندەی سەروو" سەر بە بەخشی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، دەسبەسەر کران.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە، قەرارگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانـ"ـی دابووە پاڵ ناوبراوان.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، "ئەنوەر چالشی"، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، شەش ڕۆژ پێش لە ڕاگواستنی بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

هەروەها کامیل جەباروەند ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندان، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مووسا ئالووسی، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ ئازاد کراوە.