توركیە و ئێران دیسان پلانی هاوبەشیان بەدژی پەكەكە داڕشت

13:11 - 30 رەزبەر 2711
كوردپا ـ ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، ئەرتشی توركیە درێژە بە هێرشە ئاسمانییەكانی بەدژی پەكەكە دەدات و لە هەوڵی ئەوەش دایە پشتیوانیی ئێران لەم بارەوە مسۆگەر بكات.
عەلی ئەكبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئانكارا لەگەڵ هاوتا توركەكەی خۆی دیدار و چاوپێكەوتنی پێكهێنا و هەر دوو وڵات چەندین پلان و بەرنامەیان بەدژی پارتی كرێكانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) داڕشت.
ساڵحی لەو دیدارەدا وتوویەتی: ئەو دوو پارتە \"گرفتی هاوبەش\"یان بۆ هەر دوو وڵات ساز كردووە، بۆیە پێویستە بەدژیان بە شێوەیەكی لێبڕاوانەتر هاوكاری بكەین.
ئەحمەت داووت ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی توركیەش وتی: لەمەو بەدوا توركیە و ئێران هاوكاریی یەكتر دەكەن هەتا ئەوەی كە ئەو بە \"هەڕەشەی تیرۆریستی\" ناودێری كرد، لەناو ببەن.
هێشتا بە روونی دەست نیشانیان نەكردووە كە چ ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش بەدژی ئەو دوو هێزە كوردییە بەكار دەهێنن.
پاش كوژرانی 24 سەربازی توركیە لە شەڕ لەگەڵ پەكەكە، ئەرتشی توركیە هێرشێكی بەرینی ئاسمانی و زەوینیی بەدژی پەكەكە دەست پێكردووە و بە گوێرەی سەرچاوەكانی حكومەتی هەرێمی كورستان سنوورەكانی ئەم هەرێمەشیان بەزاندووە.
حكوومەتی عێراق هێرشی پەكەكەی مەحكووم كردووە و هەروەها بەڵێنیی بە توركیە داوە بۆ پێشگیری لە دووپات نەبوونەوەی هێرشی لەو چەشنە، هاوكاریی توركیە بكات.
پەكەكە لە ساڵی 1984ی زایینیەوە بۆ دەستبەر بوونی مافە نەتەوەییەكانی كورد لە توركیە خەبات دەكات و هەتا ئێستا 40 هەزار كەس لە شەڕی نێوان توركیە و پەكەكەدا گیانیان لە دەست داوە.
توركیە، ئەمریكا و یەكەیتی ئورووپا \"پەكەكە\"یان وەكوو هێزێكی تیرۆریستی لە قەڵەم داوە.
مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ سپای پاسدارانی حكوومەتی ئێرانیش هێرشێكی بەربڵاوی بۆ سەر پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) و ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێكرد و ئەو شەڕ و پێكدادانانە كوژران و بریندار بووونی زۆرێك لە ئەندامانی هەردوو لای لێكەوتەوە.
لە ئەنجامی تۆپبارانی سپای پاسدارانی حكوومەتی تاران 4 هاووڵاتیی مەدەنیی هەرێمی كوردستان كوژران و بە سەدان بنەماڵەش ئاوار بوون.
لە هێرشێكی ئاسمانیی دوو مانگ لەمەوبەری ئەرتشی توركیە بۆ سەر كوێستانەكانی قەندیل 7 هاووڵاتیی مەدنیی كورد گیانیان لێ‌ ئەستێنرا.