ترس و دڵەڕاوكێ‌ گەیشتۆتە كەمپی "دومیز" لە هەرێمی كوردستان + وێنــــــە

13:57 - 30 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: هەواڵنێری كوردپا بە خۆی و كامیراكەی سەرشانییەوە، لە سەفەرێكی پڕ ماتەم و تژی لە مەینەتدا، چیرۆكی ئازار، ترس و چاوەڕوانیی كوردە ئاوارەكانی كوردستانی سووریە نیشتەجێی كەمپی \"دومیز\" لە پارێزگای دهۆكمان بۆ دەگێڕێتەوە.

بەشی یەكەمی ئەم سەفەرە پڕ لە چاوەڕوانی و ترسە لێرەدا دەخرێتە روو.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی خەرمانانی 1391ی هەتاوی (17‌ی سێپتامبێری 2012 زایینی)یە، ئەو ساڵەیە كە دیانگوت دونیا كۆتایی پێدێت.

\"7062.jpg\"
هەروا چاوەڕوانین و لەناو گوندێك، لەوانەیە شارۆچكە بێت تێدەپەڕین ریزە ماڵێك پێش چاوی گرتبووین، كاتژمێر 4‌ی دوانیوەڕۆ بوو، خۆڵیش كە جاران لە زەوی چاومانی پڕ دەكردەوە ئێستا لە ئاسمانیش رووناكی خۆری لێ‌كز كردووین، كە چاوم لەسەر خۆر هەڵگرت دەشتێك بە قەدپاڵێكەوە سپی و بۆر هەڵگەڕابوو، خێوەتی ئاوارەكان بوو، هەر كە ناوی ئاوارەت هێنا زۆر كەس چاوەڕوانن وشەی دوایی كورد بێت. راستە ئێرە \"دومیز\"ە، كەمپی كوردە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستانە. ژمارە تەلەفوونی \"ت وش\" مان دەستكەوتبوو، پەیتاپەیتا تەلەفوونمان بۆ دەكردن.

تۆز و خۆڵ خێوەت و گوڵمیخ، منداڵ و دۆشەكە و جانتا هەتا چاو هەتەری دەكرد دەبینرا، چووینە ژووری بەڕێوەبەری كەمپەكە كە ئیزن وەرگرین و شەویش لەلایان بمێنینەوە، وتیان هەتا خۆرئاوا كاتتان هەیە.

\"7061.jpg\"
هەر كە كامێرامان دەرهێنا و چەند وێنەیەكمان گرت دەورووبەرمان پڕ بوو لە ژن و منداڵ و پیر و لاو.\"ت و ش\"مان دۆزیبوونەوە، ببوورن لە بیرم چووە پێتان بڵێم كە ئەو شوێنە سەر بە پارێزگای دهۆكی دەلالە، ئەوان دەلالن، چاوگەش و رووخۆش، بەڵام هەر كاتێك ویستم وێنەی كەسێك بگرم زۆر بە خێرایی بە لەچكەكەی سەر و دەم و لووتی دادەپۆشی و بە نیگەرانیەوە چاوی لێدەكردین.

لە \"ت\"یم پرسی بۆ دەم و چاویان دادەپۆشن ئەو وتی كە: ئەگەر وێنە و گرتەی ویدیۆییمان بڵاو ببێتەوە، نیزامییەكانی بەعسی بەشار ئەسەد لە سووریە بنەماڵەكانمان ئازار دەدن و بۆ خۆتان باش دەزانن حكووومەت لە سووریە چۆن ئازاری خەڵك دەدات.

ترس لە ئازاردان، جەستە و رۆح و دەروونیانی داگرتووە، هەتا كوو زانیم بۆ دەم و چاویان دادەپۆشن و ترس رەنگیانی وەكوو چادرە سپی و بۆرەكانی لێكردوون و بۆ لێرەن و بۆ...
هێشتا چەند، بۆ، چۆن، چی و شتی‌تر مابوو، هەتاوی خۆڵەمێشی گەیشتە دەم كەل.

\"7059.jpg\"
پێش ئەوەی خۆر رووناكی خۆی لە كەمپی دومیز و ئەو دەستە كچە نازدارەی كەمپ بشارێتەوە، یەكیان بە دەنگێكی نەرم وتی: \"سوورە مرا بكشێنە\" ئەوان لە جلوبەرگەكانیان لە چاویاندا دیار بوو كە تازە ئەوین رووی تێكردوون، بەڵام سۆنامی، گوللە و تۆز و خوێن ئەوینی لێ‌كاڵ كردوونەتەوە پێش ئەوان من بۆ ئەوەی وێنەیەكی گشتیی كەمپەكە بگرم چووبوومە سەر بەرزاییەك لە لێنزی كامێراكەمەوە دەمڕوانییە كەمپەكە، بە بلووك دەوری چادەركانیان دەگرت بۆ ئەوەی ئاوی باران ئەگەر هات نەچێتە ناو چادرەكانیان، لەو كاتەدا دەنگێكی دڕی بچكۆلانە وتی: \"سوورەیەكی مرا بكێشە\" ئاوڕم دایەوە كوڕێكی خڕتەڵانەی قژ مۆر كە ئالای كوردستانی وەك خۆی بچكۆلانە بە زنجیرێكەوە لە ملی ئاڵاندبوو.

من بە هیچ شێوەیەك ناتوانم ئەو داوایەی جێبەجێ‌نەكەم.

\"7060.jpg\"
بەڵام كە چی! وای دابنێن وێنەی ئەویشم گرت و دوایی هەر لەوێ‌بوون بە دەستەیەك و هەموو كەمپەكەشم تۆمار كرد و بۆ چەند چركەیەك شاد و شاگەشكە پێكەنین، خوێنەریش ئەگەر وشەی \"بەداخم\"ێك بڵێ‌ئەویش لە قوڕگی گیر دەكات و نایەتە دەرێ‌. خۆر بە رەنگ زەردییەوە خۆی خستە ئەودیوی كێوەكانەوە و ئیزنی ئێمەش كۆتایی پێهات، بۆیە بەپەلە هاتمە خوارێ‌، ئەوان سەر و ردێن سپی، كوڕ و كاڵ، ناسك و نازدار، هار و هاج و بەهێز و نیگەران، بەكۆمەڵ لەبەر دەركی خێوەتەكان و لەناو خێوەتەكان بە ئارامییەكی پاش زریان دانیشتبوون، بەلای هەر كامیاندا تێدەپەڕیم بە چاوەكانی دەیگوت وێنەم بگرە، هێندێكیشیان دەیانگوت بارودۆخمان هێندە باشە كە وێنەمان دەگری و هێندێكیشیان دەم و چاویان دادەپۆشی و چاوەڕۆان و نیگەران، ئەوان هەموویان چاوەڕوانن، چاوەروانی چی؟ ئارامی، ئازادی، خوراك و ...
باشە من بە خۆم و كامێرایەكەوە دەتوانم كامە چاوەڕۆانییەكی ئەوان جێبەجێ‌بكەم!
بڕیارم دا بۆ ئەوەی دەرد و مەینەتییەكانیان، ئێش و بڕك و ئازارەكانیان، ئاوات و ئارەزوەكانیان ببینم و بڵاویان بكەمەوە، دووبارە رۆژێكی‌تر بچمەوە لایان.
بە هیوای رۆژێكی‌تری باشتر لە دوێنێ.