تراژێدیای ژیان لە ئێران منداڵێکی ٤ساڵانی کردە قوربانی

14:36 - 16 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: قوربانییەکی دەستی تراژێدیای ژیان لە ئێران، پاش کوشتنی منداڵە ٤ساڵانەکەی لەلایەن دەزگای دادوەریی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ٥ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە.

هەواڵدەریی هەرانا ئۆرگانی هەواڵی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرای کرد؛ پاش ئەوەیکە ژنێکی خەڵکی تاران منداڵە ٤ ساڵانەکەی خۆی کوشت و باوکی منداڵەکەش ڕەزایەتی بە دایکی منداڵەکە داوە، لقی ١١ی دادگای کەیفەریی پارێزگای تاران حوکمی ٥ مانگ زیندانی بۆ ناوبراو بڕییەوە.

بەپێی دانپێدانانەکانی ئەم ژنە ٣٠ساڵەیە، ناوبراو بەهۆی ئەوەیکە مێردەکەی تووشی نەخۆشینی ئێعتیاد بووە تەڵاقی لێ وەرگرتووە و وێڕای کچە ٤ ساڵانەکەی بەناوی سارا لە ماڵی باوکیدا ژیاوە؛ پاش ئەوەیکە چەند خوازبینێکی بۆ دێت و هەموویان بوونی منداڵەکە بە کۆسپێک بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ ئەم ژنە دەزانن، ناوبراو بڕیار دەدات کە منداڵەکەی خۆی لەنێو ببات،
هەربۆیە بە دابین کردنی حەبی مێتادۆن و دانی بە منداڵە بێتاوانەکەی، سارای ٤ساڵان دەکوژێت.

ڕۆژی دواتر وەک ئەوەیکە ئاگای لە هیچێک نەبێت ئۆرژانس و کەس و کارەکەی ئاگادار دەکاتەوە؛ لە پشکنینەکانی پزیشکی دادوەریدا دەردەکەوێت کە منداڵەکەی بە مێتادۆن ژەهراوی کراوە؛ دایکی ئەو منداڵە پاش ٤ مانگ دەستبەسەر بوون دان بە تاوانکارییەکەیدا دەنێت و دەڵێ: بۆ ئەوەیکە بتوانم شوو بکەم و ژیانم بگۆڕم ئەم کارەم کردووە.

لە ڕەوتی دادگایی کردنەکەیدا و دوای ئەوەیکە باوکی منداڵەکە ڕەزایەتی داوە، دادگا بە ئەژمار کردنی ماوەی گیرانی ژنەکە ناوبراو بە ٤ مانگ زیندان حوکم دەدات و دواتر ئازادی دەکەن.

کۆمەلناسان و چالاکانی مەدەنی پێیان وایە هەرکام لەو کەسانەی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ لەم پەروەندەدا ناویان هاتووە یەکێکن لە قوربانیانی تراژێدیای ژیان لە ئێراندا، بەڵام تاوانباری سەرەکی هاتنە ئارای ئەم بارودۆخەی ئێران کە جینایەتی لەم چەشنەی لێدەکەوێتەوە، لێپرسراوانی حکومەتین کە هیچ کات وەک پێویست ئاوڕیان لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ژان و ئازارەکانیان نەداوەتەوە.

ئێعتیاد، بێکاری، هەژاری و گرانی چەند هۆکاری سەرەکیی هاتنە ئارای دیاردەی تەڵاقن کە لەو نێوانەدا قوربانیانی سەرەکی منداڵانی تەڵاقن کە بە نەسڵی سووتاویش ناویان لێ دەبەن.