ترافیك لە شاری سەقز بۆتە كێشەی سەرەكیی هاووڵاتیان

16:56 - 7 پووشپەڕ 2712
كوردپا: ماوەیەكە شاری سەقز و شەقامەكانی بەدەست ترافیكی قورسەوە دەناڵێنێ‌ و ناوەندە پێوەندیدارەكان هەوڵێكی ئەوتۆ بۆ چارەسەریی نادەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئەو كێشەی بۆ هاووڵاتیان خۆڵقاندووە نەبوونی شوێنی راگرتنی ماشێن واتە پاركینگە و ئەو یە زیاتر خۆی لە گۆڕەپانی ئازادی و ئیمام و سێ‌ ریانی \"جامع\"دا دەبینێتەوە.

\"5009.jpg\"
پێشتر شاری سەقز پاركێنگێكی گەورەی هەبوو بەڵام شارەوانی ئەو شارە بە بێ‌ هیچ پاساوێك ئەو شوێنەی داخست و دوابەدوای ئەو هەوڵە كێشەی ترافیك رووی لە زیاد بوون كرد.

هاووڵاتیان لەو باوەڕەدان بێجگە لەو هۆكارانە هۆیەكی دیكەش ئەوەیە كە شەقامەكانی شار زیاتر لە 50 ساڵە دەستكاری نەكراون و سەرەڕای ئەوەی شار گەورەتر بۆتەوە و رێژەی ماشینەكانی روویان لە زیاد بوون كردووە بەڵام شەقامەكان وەك خۆیان ماونەتەوە.

هاووڵاتیان زیاتر بێ‌ بەرنامەیی لێپرسراوان بە هۆكاری سەرەكیی دەزانن و دەڵێن بە بێ‌ هیچ هۆیەك ژمارەیەكی بەرچاو لەمپەری قەراخ جادەیان لە شەقامەكان داوەو ئەوەش بۆ خۆی لە خۆیدا كێشەی درووست كردووە.