تاران/ هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب بۆ نوێژی جێژن بەرەوڕووی ئاستەنگی دەوڵەتی رۆحانی بوونەوە

20:29 - 25 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی، زەخت و فشار بۆسەر هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب بەردەوامە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی رابردوو پەیڕەوانی سوننی مەزهەبی نیشتەجێی شاری تاران نەیانتوانی رێوڕەسمی نوێژی جێژنی قوربان بەڕێوەبەرن و یەکێک لە کێشە و گرفتی کەمینە ئایینیەکان ئێران لە دەوڵەتی نوێ‌دا بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

رێگری کردنی پۆلیسی تاران لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نوێژی جەژنی هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب لە شاری تاران لە کاتێک دایە کە نزیک بە سەرجەم هاووڵاتییانی سوننی مەزهەبی ئێرانیش هاوڕێ لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی سوننی مەزهەب، جێژنی قوربانیان لە رۆژێ سێ‌شەممەی رابردوودا بەڕێوە برد.

کێشەی نوێژی جێژنی قوربان لە شاری تاران بەشێوەیەک بووە کە تەنانەت بە نێوبژیوانیی \"سالار مورادی\" نوێنەری کورد لە مەجلیسی ئێران لەگەڵ وەزیری نێوخۆی ئێران وەک خۆی مایەوە و مەئموورانی ئەمنیەتی و لیباس شەخسی لە بەردەم مزگەوتی سادقیەی تاران‌دا رێگرییان لە چوونە ژوورەوەی هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب دەکرد.

ئەم هەڵسووکەوتەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتێک دایە کە زیاتر لە ١ ملیۆن موسوڵمان تەنیا لە شاری تاران‌دا بوونیان هەیە و نەتەنیا مزگەوتێکی تایبەتییان نییە، بەڵکوو ئیزنی بەڕێوەبردنی هیچ چەشنە رێوڕەسمێکی مەزهەبیشیان پێ نادرێت.

هاوکات لە زۆربەی شاری ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر وەک یەکەم رۆژی جێژنی قوربان، رێوڕەسمی جیژن بەڕێوە چووە.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری سنە رێوڕەسمی نوێژی جێژنی قوربان بە پێشنوێژیی حەسەن ئەمینی لە مزگەوتی \"زەینەڵ\"ی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

هاوکات حەسەن ئەمینی روو لە حکوومتی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندبوو\" بەرپرسانی حکوومەتی بۆچی لەم رۆژەدا پشووی فەرمییان رانەگەیاندووە کە فەرمانبەران لەگەڵ بنەماڵەکانیان رێوڕەسمی جێژنی قوربان بەڕێوە بەرن\".

زیادبوونی زەخت و فشار بۆ سەر هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب لە ئیران، کە حەشیمەتیان بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ١٥ میلیۆن کەس راگەیەندراوە، لە کاتێک دایە کە عەلی یونسی وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتی خاتەمی وەک یاریدەدەری حەسەن رۆحانی بۆ کاروباری \"کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان\" لە وڵاتی ئێران دیاری کراوە.
\"16105.jpg\"

\"16106.jpg\"

\"16107.jpg\"