تاران؛ لە ٢٤ کاتژمێردا، ٨٤ کەس هەوڵی خۆکوژییان داوە

11:41 - 29 خاکەلێوه 2721

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ڕۆکنا"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوە هەتا ڕۆژی هەینی ٢٧ی خاکەلێوە، لە یەک ڕۆژدا ٨٤ حاڵەتی خۆکوژی لە شوێنە جیاجیاکانی تاران تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لەنێوان ئەو ٨٤ کەسە کە دەستیان داوەتە خۆکوژی، کەسێک دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و ١٢ کەسیش بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

دەوترێ، لەو ڕێژەیە، ٨ کەس بە لێدان لە خۆ (خودزنی)، ٣ کەس لە ڕێگای خۆهەواسینەوە، ١٥ حاڵەت ژاراویبوون بە جێنراڵ و ١١ کەس بە خواردنی حەب، هەوڵی خۆکوژییان داوە.

ئەو کەسانە کە هەوڵی خۆکوژییان داوە پاش ڕەوانەکردنیان بۆ نەخۆشخانە، ١٠ هەتا ١٢ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

ئاماری ڕێکخراوی پزیشکیی یاسایی باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ڕابردوودا، لە ئێران ڕۆژانە لانیکەم ١٥ کەس بەهۆی خۆکوژی گیانیان لەدەست داوە.

قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووی لە لایەک و نەبوونی دوورە دیمەنێک لە باشتربوونی داهاتووی هاووڵاتییان لە لایەکی دیکەوە، بارودۆخێکی بۆ هاووڵاتییان، بەتایبەت بۆ لاوان پێک هێناوە کە تەنیا ڕێگای دەربازبوون لەو قەیرانانە، هەوڵدان بۆ خۆکوژییە.