بەھمەن قوبادی: سینەمای کوردی بێسەر و شوێنە

14:58 - 29 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: بەھمەن قوبادی سینەماکاری ناسراوی کورد رایگەیاندووە، لەحاڵی حازردا سینەمای کوردی بێسەرو شوێنە و ھیوادارم رۆژێک بێت کە ئەم سینەمایە رێکبخرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوبادی کە بۆ نمایشی نوێترین فیلمی خۆی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئیستەنبووڵ(بەشی گاڵا) سەردانی تورکیای کردبوو، باسی لەوە کردووە، کە پێشتر شوێنێک بە ناوی ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان بوو کە فیلمسازانی کورد دەیانتوانی رووی تێبکەن و کاری تێدا بکەن.

ئەو سینەماکارە وتوویەتی: بەداخەوە لە ئێستادا بە ھۆی ئەو جەنگەی کە لە ناوچەکەدا خستوویانەتەڕێ و کوردەکانیش بەناچار تووشی بوون، فیلمسازانی کورد ھیوای خۆیان لەدەستداوە کە بتوانن لەهەرێمی کوردستان درێژە بە ژیانی ھونەریی خۆیان بدەن.

\"ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە\" Somtimes Look Up نوێترین بەرھەمی سینەماکاری ناوداری کورد \"بەھمەن قوبادی\" لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی \"چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان\" Words With Gods لە بەرھەمھێنانی \"ئالێکس گارسیا\" و \"گیلێرمۆ ئاریێگا\" لەچەند رۆژی رابردوودا لە بەشی \"گاڵا\" لە میانەی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئیستەنبووڵ لە وڵاتی تورکیە نمایشکرا.

قوبادی لەپەراوێزی فێستیڤاڵەکەدالە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتوویەتی: نە دەوڵەتیی ئێران پشتیوانی لە سینەمای کوردی دەکات و نە لە سووریا دەوڵەتێک بوونی ھەیە کە پشتیوانی لە سینەمای کوردی بکات و تورکیاش بە هامان شێوە، هەر بۆیە سینەمای کوردی ئێستاکە بێسەرو شوێنە و ھیوادارم رۆژێک بێت کە ئەم سینەمایە رێکبخرێت.

کورتە فیلمی \"ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە\" ھاوکات لەگەڵ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ لە بەشی \"نمایشی تایبەت\"ی فیستیڤاڵی فیلمی پاناماش بەشدارە.

\"بەھمەن قوبادی\" ئێستا سەرقاڵی نووسینی سیناریۆی فیلمی بڵیندی \"ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە\"یە، ئەم فیلمە بڵیندە سینەماییە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکاییەوە بەم سینەماکارە کوردە پێشنیار کراوە.