بەپێچەوانەی ویستی کرێکاران حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی نوێ دیاری کرا

12:09 - 20 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە حاڵێکدا کە هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسی ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن ڕاگەیەندراوە، شوورای بەرزی کار، لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکارانی بۆ ساڵی داهاتوو، ٨١١ هەزار تمەن دیاری کرد.

ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمە، ئەندامانی شوورای کار بە سەرۆکایەتی عەلی ڕەبیعی وەزیری کار و خۆش‏بژیویی حکوومەتی ئیسلامی، کە بریتین لە نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و بەشێک لە دامەزراوە کرێکارییەکان، لانیکەمی حەقدەستیان بۆ ساڵی نوێ دیاری کرد.

دیاری کردنی ئەم ڕێژەیە دوابەدوای چەند مانگ مشتومڕی نێوان خاوەنکاران و نوێنەرانی دامەزراوە کرێکارییەکان دێت کە وەک فەریبۆرز ڕەئیس‏دانا، ئابووریناس دەڵێ: دەوڵەت و خاوەنکاران لە دژی توێژی کرێکار دەستیان تێکەڵ کردووە و جارێکی دیکە کێشەی حەقدەستی کرێکارەکانیان کردۆتە قوربانیی ساتوسەوداکانی خۆیان.

ڕەئیس دانا لە کۆبوونەوەی \"کۆمەڵگا و حەقدەست\" کە لە زانکۆی تاراندا بەڕێوەچوو، باسی لە پاساوی خاوەنکارەکان کرد و گوتی: خاوەنکارەکان دەڵێن ئەگەر حەقدەستەکان ببەینە سەرێ، ڕێژەی هەڵاوسانیش دەچێتە سەرێ، کە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و لە زانستی ئابووریدا هیچ پێناسەیەکی لەم چەشنە بوونی نیە.

بە وتەی ناوبراو؛ پێویستە لانیکەمی حەقدەست لە ئێران ١ میلیۆن و ٢٨٠ هەزار تمەن بێت تاکوو لە مەترسیی \"مردن\" ڕزگاریان بێت، ئەمەش بەو هۆیەوە کە نێونجی تێچووی بنەماڵەیەکی شارنشین لە ساڵی ٩٥دا ٢میلیۆن و ٥٩٠ هەزار تمەنە.

نیزیک بە ١٣ میلیۆن کەس لە ئێراندا دەکەونە ژێر چەتری یاسای کارەوە کە بە لێکدانەوەی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو و هێڵی هەژاری، زۆربەی ئەم کەسانە و بنەماڵەکانیان واتە نیزیک بە ٣٠ میلیۆن کەس لە ئێران، لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.