بەهۆی کۆرۆنا پیشەی گەشتیاریی کرماشان نزیکەی ٢٥٣ میلیارد خەسارەتی بەرکەوتووە

10:45 - 12 سەرماوەز 2720

بەڕێوەبەری گشتیی میراتی فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای کرماشان، دوایین بەراوردی خەسارەتی کۆرۆنا بە پیشەی گەشتیاریی ئەو پارێزگایە ٢٥٢ میلیارد و ٧٧٣ میلیۆن تمەن مەزەندە کردووە.
ئومید قادری لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیسنا" ڕایگەیاندووە: لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەتا مانگی ڕەزبەر، ٢٥٢ میلیارد و ٧٧٣ میلیۆن تەمەن، خەسارەت وەبەر میراتی فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای کرماشان کەوتووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووه: "لە بیاڤی  میراتی فەرهەنگی، سەرەڕای ئەوەیکە ٥٠% داهاتی ئەو بیاڤە لە ڕێگای فرۆشتنی بلیتی مۆزەخانەکان و شوێنە مێژووییەکان بووە، بە داخران و نیوەچالاکبوونی ئەو دوو ناوەنده، خەسارێکی زۆری ماڵی لەو دوو بیاڤە دراوە.

بەڕێوەبەری میراتی فەرهەنگیی پارێزگای کرماشان هەروەها دەڵێت: "ڕێژەی خەسارەتێک کە لە بلیت‌فرۆشی و شوێنە مێژووییەکان و دووکانە بەکرێدراوەکان لەو ماوەیەدا کەوتووە، نزیک ١٤ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن تمەن بووە".

ئەو بەرپرسە فەرهەنگییە خەسارەتی بەرکەوتوو لە یەکەکانی نیشتەجێبوون، گەشتیاری و خەدەماتی گەرشتیاریی ئەو پارێزگایە، لەو ماوەیەدا، ٦٤ میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن تمەن بووە.

ئومید قادری هەروەها ئاماژەی بە بێکاریی زیاتر لە ١ هەزار و ١٠٠  کەس لە بیاڤی گەشتیاری کردووە کە بەهۆی کۆرۆناوە بێکار بوونه.

بەپێی قسەکانی ناوبراو: "لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ هەتا مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، نزیکەی ١ هەزار و ١٣٠ کەس لە بیاڤی گەشتیاری بێکار بوونه".

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە هونەرمەندانی پیشە دەستییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە: "بە گشتیی هونەرمەندانی پیشە دەستییەکان لەو پارێزگایە لە ماوەیەدا، ٤٥ میلیارد تەمەن خەسارەتیان بەرکەوتووە".