بەهۆی نەبوونی پارە چەند قوتابی شەللاقیان لێدرا

14:33 - 20 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: چەند قوتابیی کچ لە قوتابخانەیەکی شارستانی ڕوودبار لە پارێزگای کرمان، بەهۆی نەبوونی پارەی ناونووسی کردن، لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیانەوە هێرشیان کرایە سەر و شەللاقیان لێدرا.

هەواڵدەریی هەرانا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە؛ سەرۆکی قوتابخانەی چەمران لە گوندی موختارئاوای شارستانی ڕوودبار سەر بە پارێزگای کرمان، کە بە یەکێک لە پەراوێزکەوتووترین ناوچەکانی ئێران دەژمێردری، چەندین قوتابیی کچی بەهۆی ئەوەیکە نەیانتوانیوە بڕی 30 هەزار تمەن پارە بۆ ناونووسی کردنی ساڵی نوێی خوێندن ڕادەستی قوتابخانە بکەن، کردە ئامانجی قامچییەکانی.

بەپێی ئەم هەواڵە بەڕێوەبەری ئەم قوتابخانە پاش ئەوەیکە قوتابییەکان وتوویانە ناتوانن ئەو برە پارەیە بدەن، لە قوتابخانەکە دەریان دەکات و قامچییان لێدەدات.

پاش بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرۆکی ئیدارەی بارهێنانی ڕوودبار حاشای لە بوونی وەها پرسێک کرد، بەڵام بنەماڵەی ئەم قوتابیانە بە هەواڵدەریی \"تابناک\"یان گووتووە کە؛ ئەمە ڕاستییەکی تاڵە کە ڕووی داوە؛ هەروەها فیلمی قسەکانی ئەو قوتابیانەی کە وەبەر پەلامار کەوتوون لە ماڵپەڕی یوتیوبیشدا بڵاو کراوەتەوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش لە گوندی ڕەحیم‌خان و سەراو، مودیری قوتابخانەکە داوای بڕی پارەی٧٠ هەزارتمەن بۆ هەر قوتابییەكی كردووە که بۆ ساڵی نوێی خویندنی ٩٥-٩٦ لەگەڵ خۆیان بیهێنن.

پێشتریش ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان، بۆ ناونووسیی ساڵی تازەی خوێندن پسووڵەی پارەی بۆ قوتابخانەکانی ئەو شارە ناردبوو و پارەی زۆرەملی لە قوتابیان وەردەگرت، و ئەوەش ناڕەزایەتی بنەماڵەی قوتابیانی لێ‌کەوتبووە.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدا بلاو دەبنەوە کە؛ بە پیی ئەسڵی 30 لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی دابین بکات و پڕۆسەی خوێندن دەبێ بە بەلاش و بە بێ وەرگرتنی پارە بێت.