بەهۆی بێبەش کردنەوە مەزرایەکی \"ماری‌جوانا\" لە ساوجبڵاغ ئاشکرا بوو

15:17 - 20 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە گوندی \"قەرە قۆباد\"ی شارستانی ساوجبڵاغ لە پارێزگای ئەلبۆرز، مەزرایەکی گەورەی ماری جوانا (گراس) دۆزرایەوە کە تێیدا ٩٦٠ بن ڕووەکی ماری‌جوانای تێدا بووە.

پێوەندییە گشتییەکانی سپای پاسدارانی پارێزگای \"البرز\" هەواڵی دۆزینەوەی ئەم مەزرایەی لە شارستانی ساوجبڵاغ بۆ ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان پشت ڕاست کردەوە؛ بەڵام خەڵکی ئەم ناوچە ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسدارانی ئەم پارێزگا پاش ئەوەیکە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ناوچە، لە قازانجەکانی ئەم ماددە سڕکەرە بێبەش کرا، دەستی داوەتە ئاشکرا کردنی.

سپای پاسداران یەکێک لە گرینگترین و بەهێزترین ناوەندەکانی بەرهەم هێنان و بڵاوکردنەوە و تڕانزیتی ماددە سڕکەرەکان هەم لە ئێران و هەم لە ناوچەدایە.

ڕۆژنامەی تایمزی بریتانیا ماوەیەک پێش ئێستا بە پشت بەستن بە قسە و وتەی لێپرسراوانی پێشووی ئیتلاعاتی و دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کرد کە ساڵانە ئەم ناوەندە سەربازی، سیاسی، ئابورییە بەهۆی بەرهەم هێنان و تڕانزیتی ماددە سڕکەرەکان سەدان میلیار دۆلار قازانج دەکات.

هەروەها ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕ، ماشینێکی بار هەڵگری ئێرانی کە ٢٢هەزار کیلۆ دۆشاوی تەماتەی تێدا بووە، لە کاتی ئیسکەنی گومڕوک و پشکنینە سەرەتاییەکان، لەلایەن پۆلیسی بۆلغارستانەوە دەرکەوت کە هەڵگری ڕێژەیەکی بەرچاو هێرۆئینە و لە ئێرانەوە ڕەوانەی ئورووپا کراوە.

پێشتریش سایتی ویکی لیکس ئاشکرای کردبوو کە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩دا زیاتر لە ٥٩ هەزار کیلۆ هێرۆئینی لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە ڕەوانەی ئورووپا کردووە.