بەهۆی ئاوی پیسەوە، پێنج هەزار ماسی لە بەنداوی سەردەشتدا لەنێوچوون

10:18 - 14 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی پیسبوونی ئاوی بەنداوی سەردەشت، ٥ هەزاری ماسیی ئەو بەنداوە لەنێوچوون.

"بایەزیدی"، بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ژینگەپارێزیی شاری سەردەشت، ڕایگەیاند: "ماددەی کیمیایی و ڕیخاو، دەتوانێت لە هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی بەنداوی سەردەشت بن".

ئەو بەرپرسە ژینگەپارێزییە هەروەها وتی: "لەگەڵ بنەخاڵەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە شار و گوندەکانی نزیک لەو بەنداوە، لە قوڵایی ئاودا چالاکیی باکترییەکان دەست پێدەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی ئۆکسیژێن لە ئاو و ئەو هۆکارانەش دەبنە هۆی خنکانی جۆرە ماسییەک بە ناوی کەپوور کە لە قوڵایی ئاودا دەژین".

بە وتەی "بایەزیدی"، زۆربەی زەوییەکانی دەوروبەری ئەو بەنداوە، زەویی کشتوکاڵین و ماددەی کیمیایی کشتوکاڵیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەتوانێت ببێتە هۆی پیسبوونی ئاوەکە".

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی سەردەشت زیادی کرد: "ئاوەڕۆی شارەکانی میراوا، نەڵاس و بەشێک لە شاری سەردەشت و تەنانەت پیرانشار، هەروەها گوندەکانی پیرانشار هەتا سەردەشت، بە شێوەی خاو دەڕژێنە نێو بەنداوی سەردەشتەوە".