بەهمەن قوبادی لە فێستیڤاڵی ونیز: كاتی سەربەخۆیی كوردستان هاتووە

16:06 - 13 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: یەكێک لەناسراوترین سینەماكارانی كورد نوێترین بەرهەمی هاوبەشی خۆی لەژێر ناوی \"هەندێك جار چاو لە سەرێ بكە\" پێشكەش بە نەتەوەی كورد و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، فیلمی \" هەندێ‌جار چاو لەسەرێ‌بكە\" بەرهەمی بەهمەن قوبادی لە حەفتا و یەكەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ونیزی ئیتالیا نمایش كرا.

\"21891.jpg\"
ئەو بەرهەمە كە دووهەمین كاری قوبادی لەدەرەوەی وڵاتە، كە بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا كردبوو، لەلایەن ئەو سینەماكارەوە پێشكەش بە بە نەتەوەی كورد و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كراوە.

\"هەندێك جار چاو لە سەرێ بكە\" نوێترین بەرهەمی سینەماكاری ناوداری كورد \"بەهمەن قوبادی\"‌یە و لە چوارچێوەی كۆمەڵە فیلمی \"چەند وتەیەك لەگەڵ خوداكان\" لە بەرهەمهێنانی \"ئالێكس گارسیا\" و \"گیلێرمۆ ئاریێگا\" و بە ئاوازدانەری موزیكزانی ناوداری بەریتانی \"پیتێر گابریێل\" بەرهەم هاتووە.

قوبادی پاش نمایش کردنی ئەم فیلمە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتوویەتی: هەرێمی كوردستان هەمیشە میواندارییەتی لە تەواوی ئەو ئایین و مەزهەبە جۆراوجۆرانە كردووە، كە بوونەتە قوربانیی شەڕە تایفی و مەزهەبییەكان.

\"21888.jpg\"
فیلمی \"هەندێك جار چاو لە سەرێ بكە\"
\"بەهمەن قوبادی\" سەبارەت بە سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان لە عێراق وتوویەتی: \"بە بڕوای من ئەمڕۆكە كوردەكان خەبات بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە وڵاتی عێراق دەكەن و بەتایبەت لەگەڵ ئەم جۆرە روانینە هەم كە كوردەكان بتوانن ماڵێكیان بۆخۆیان هەبێت و كوردەكانی وڵاتانی دیكەش كە زوڵمێكیان لێبكرێت هەست بكەن كە ماڵێكیان هەیە و شوێنێك بوونی هەیە كە بتوانن پەنای بۆ بەرن و لەوێی پشتیوانیان لێبكرێت\".

لە كاتی نمایش كردنی كۆمەڵە فیلمی \"وتووێژ لەگەڵ خوداكان\"دا، دەرهێنەری ناودار و بەئەزموونی ٩ وڵاتی جیهان لەوانە: بۆسنی، ژاپۆن، مكزیک، هیندوستان، ئەمریكا، ئۆستوڕاڵیا، بڕازیل، ئیسراییل و ئیسپانیا ئامادەبوون، كە فیلمی \"هەندێك جار چاو لە سەرێ بكە\" لە دەرهێنانی \"بەهمەن قوبادی\" لە هەرێمی كوردستان لە تەنیشت ناوی ئەم وڵاتانەدا ناوی لێبردرا.