بەشداربوانی کلیپی \"هەپی\" لە ئێران، بە \"پەیوەندیی ناشەرعی\" تۆمەتبار کران

16:33 - 19 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کەلوپەلی شەخسیی بەشداربوانی گرتەی ڤیدیۆی \"هەپی\"‌ی بۆ تۆمەتبار کردنی ئەو چەند کەسە بەکار هێناوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، حەوت کەس، کە بەشدارییان لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی \"هەپی (Happy)\"دا کردبوو، لەلایەن دادگایەکی تارانەوە بە \"پەیوەندیی ناشەرعی\" تۆمەتبار کراون.

ساسان سولێمانی، ئەفشین سۆهرابی، رەهام شامخی، بەردیا مۆرادی، رێحانە تەراوەتی، نیدا موتمەئینی و سپێدە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا بەشدارییان کردبوو، کە رۆژی ١٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن پۆلیسی \"ئەخلاق\"ی هیزی ئینتزامیی تارانەوە دەستبەسەر کرابوون.

\"21990.jpg\"
ساسان سلێمانی، تەمەن ٣٣ ساڵ و ماستەری ئەنیمەیشن
هەنووکە دادگایەکی تاران، رۆژی رابردوو بەشداربوانی ئە وگرتە ڤیدیۆیەی دادگایی کردووەو بە تۆمەتی \"پەیوەندیی ناشەرعی\" تۆمەتباری کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێرانی راگەیاندووە: \"سێ کچ و کوڕی بەشدار لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، سەرەڕای ئەوەی‌کە بە \"پەیوەندیی ناشەرعی لەگەل یەک و دروست کردنی کلیپی نەشیاو تۆمەتبار کراون، دوو کەسی دیکەی بەشدار لەو گرتە ڤیدیۆییەدا بەناوەکانی رێحانە تەراوەتی و ساسان سلێمانی بە بەکارهێنانی و راگرتنی خواردنەوەی ئەلکولییەکان و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەیان لە یوتیووب تۆمەتبار کراون.

هەپی بەو کلیپە دەگوترێت، کە لەلایەن هونەرمەندی گۆرانیبێژی ئەمریکاییەوە بەناوی \"فاریل ویلیامز\" بەرهەم هاتووەو بڵاو کراوەتەوەو لە چەندین وڵاتیش، خەڵک لاسایی ئەو کلیپەیان کردۆتەوە.

\"21989.jpg\"
رێحانە تەراوەتی
پێشتر دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو ٦ کەسەی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە یوتیووب گەڕاندبوویەوە.

هەروەها پێنج کەس لە پارێزەرانی ئەو ٦ کەسە لە دادگادا، سەرەڕای ئەوەی لە هەمبەر تۆمەتەکانی دادگادا داکۆکیان لە تۆمەتباران کردبوو، ناڕەزایەتیی خۆیان بە نیسبەت \"هەڵسووکەوتی توندوتیژانەی پۆلیس\" لەگەڵ تۆمەتباران دەربڕیبوو.

دەستبەسەر کردنی ئەو ٦ کەسە و وێنەگری ئەو گرتە ڤیدیۆییە و ئازادکرانیان بە بارمتەی ٣٠ هەتا ٥٠ ملیۆن تمەنی، لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرینی بەدوای خۆیدا هێنا.