بەرپرسی\" IHRDC\": كوردەكان قوربانیی زیاترییان بۆ وەدیهاتنی مافەكانیان داوە
سەرپەرەستی نوێی ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران كەوتۆتە ئەستۆی راد سەنجابی و ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە رۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا بە پێویستی زانی وتووێژێكی لەگەڵ پێک بێنێت.
راد سەنجابی نەوەی كەریم سەنجابی كەسایەتییەكی دیاری ناو جبهەی میللیی ئێرانەو دەڵێ، ناوەندی بەڵگەنامەكان هەتا ئێستا دوو راپۆرتی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە كوردستان، بڵاو كردۆتەوە و راپۆرتێكی دیكەش كە سەبارەت بە كۆڵبەرانە لەحاڵی ئامادەكاری دایە.
ئەو چالاكی مافی مرۆڤە لەم وتووێژەدا باس لە جیاوازی و لایەنە هاوبەشەكانی چالاكێكی سیاسی لەگەڵ چالاكێكی مافی مرۆڤ دەكات و لەو باوەڕەدا كوردەكان قوربانی زۆریان لەپێناو وەدیهاتنی مافەكانیان لەئێران داوە.
كوردپا: پرسیاری یەكەم لەسەر بنەما و ئامانجی سەرەكیی ناوەندی بەڵگە دێنینە بەرباس، چ ناوەندێك لە سەرپێچی لە مافی مرۆڤ و پێشێڵكارییەكان بەرپرسیارە؟ ناوەندە ئەمنیەتییەكان، بەڕێوەبەرانی یاسا و یان پرسەكە پێوەندی بە سیستماتیك بوونی پێشێلكارییەكانەوە هەیە؟
راد سەنجابی: ناوەندە ئەمنییەكانی دەوڵەت بەتایبەت وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بە پێشێڵكاریەكان رۆڵێكی بەرچاوی هەیە و تەنانەت لە زۆربەی دۆسییەكاندا رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەیە، زۆربەی پێشێلكارییە مافی مرۆڤییەكان دەگەڕێنەوە خودی یاسا و تەنانەت ئاین نامە و یاسای بنەڕەتی حكوومەتی ئێران. كاتێک كە ئەسلی چواری یاسای بنەڕەتی دەڵێ: \" سەرجەم یاسا مەدەنی، جەزایی، ماڵی، ئابووری، ئیداری ، فەرهەنگی، نیزامی و سیاسی دەبێ بەپێی یاسا ئیسلامییەكان دابڕێژرێن و ئەو ئەسلەش رێكخستنەكەی خراوەتە ئەستۆی شۆرای چاودێری و بەم پێیە كڵاوی شەرعی دێنێنەسەری هەموو یاساكان و لەو رێگەیەوە پێش بە بیچم و شكڵ كردنی فەرهەنگی دەسەڵاتداریەتی دەگرن.
كوردپا: بە بڕوای ئێوە پرسی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا دەبێتە هۆی نیگەرانیی وڵاتانی رۆژئاوایی؟ كارنامەی مافی مرۆڤی ئێران لەراستای بڕیار و هەڵوێستە جیهانی و پەسندكراوەكانی شۆرای ئاسایشدا دەچێتە پێش؟
راد سەنجابی: نیزامی ئیچران هەتا ئێستا فشارە نێودەوڵەتیەیكان زۆر بە جیدی وەرنەگرتووە و لەو باوەڕەدایە كە پاراستنی مافی مرۆڤ بەپێی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتیانەی كە هەیە زۆر گرینگ نیە و ئەو پرسە زیاتر بە شانۆیەكی جیهانی بۆ نیشان دانی هێز و توانای خۆیان لەقەڵەم دەدات. بەڵام مێژوو شایەتی ئەوە دەدات كە زۆر كەمن ئەو حكوومەتانەی كە بێ خستنە سەری فشاری مەسەلەی مافی مرۆڤ لەبەر چاو بگرن. هەنووكە ئەگەر بێت و رێككەوتنی كۆتایی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زڵهێز واژۆ بكرێ و فشاری ئابووری لەسەر شانی خەڵكی هەڵبگیرێِ، دەكرێ بڵێن وردە وردە خەڵك دەرفەتی ئەوەیان دەبێت كە بیر لە ئازادی و مافە پێشێڵكراوەكانیان بكەنەوە.
كوردپا: ئەو ناوەندەی كە ئێوە تێیدا ئەندامن چەند حاڵەتی پێشێڵكاریی مافی مرۆڤ تێیدا تۆمار دەكرێ و ئەو بەڵگانە دەگەیەنە دەستی كام وڵات و ناوەند؟
راد سەنجابی: ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران ناوەندێكی ناحكوومیە و بەڵگەكانیش بەپێی وتووێژ و شایەتی كەسانی ماف پێشێڵكاراو بۆ وێنەی زیندانیانی پێشوو و یان خزم و پارێزەرەكانیان كۆ دەكرێتەوە و دواتر ئەو بەڵگانە لەرێگەی چاپ و بڵاو كردنەوە دەگاتە دەستی هەموو خەڵك.
كوردپا: شایەت هەتا ئێستا بەو قوناعەتە گەیشتبن كە زۆربەی بەردەنگانی ئاژانسی كوردپا لە ناوچە كوردنشینەكانن، ئەو ناوەندەی ئێوە چ هەوڵێكی بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەكانی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەو ناوچانە داوە؟
راد سەنجابی: هەتا ئێستا ئەو ناوەندە دوو راپۆرتی لەسەر پێشێڵكاریی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ئێران وەكوو لەسێدارەدانی كوردەكان لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە(١٣٥٨) و دەستبەسەركردن و ئێعدامی چالاكانی كورد لەم دوایانەدا، بڵاو كردۆتەوە، ئەوە دوو راپۆرتە بە پشت بەستن بە شایەتی هاووڵاتیانی كورد كۆكراوەتەوە و ئێستاش سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و نووسینی راپۆرت لەسەر كۆڵبەرانی كوردین و هەتا چەند مانگی دیكە بڵاو دەكرێتەوە.
كوردپا: وەكوو مافناس و چالاكێكی مافی مرۆڤ، وێكچوونی و جیاوازی چالاكێكی سیاسیی لەگەڵ چالاكێكی مافی مرۆڤ لە چیدایە؟
راد سەنجابی: مافناس و یان توێژەرێك كە بۆ تۆمار كردنی و شیكردنەوەی دۆخی مافی مرۆڤ كار دەكات و مووچە وەردەگرێ لەگەلچ چالاكێكی ئاسایی چ لە بیاڤی مافی مرۆڤ و یان سیاسیی جیاوازی هەیە، چونكە چالاكێكی ئاسایی بۆ دەبڕینی ڕا و سەرنجەكانی بەربەستێكی ئەوتۆ لەسەر رێگەی نیە، ئەركی مافناسێك لە ماڤی مافی مرۆڤدا بەرگریی كردن لە مافە سەرەتایەكانی هەر مرۆڤێكە و ئەوە لەحاڵێكدایە كە لێكۆڵەر یان چالاكێكی سیاسیی پێویستی بەو نەریتە نیە.
كوردپا: لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بەرپرسایەتی ئیجرایی ناوەندی بەڵگەنامەكانی مافی مرۆڤی ئێران كەوتۆتە ئەستۆی ئێوە، ئاغای سەنجابی ئەو ناوەندە چ رێكارێك بۆ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەنێو كەمینە نەتەوەیەكان بەتایبەت كوردەكان دەگرێتە بەر؟
راد سەنجابی: بەشی هەرە گەورەی پێشێلكردنی مافی هاووڵاتیانی كورد بەشێوەی نایاسایی و رێگری لە دەربڕینی مافی دەربڕینی ڕای ئازاد و رێگریی لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا چرَ كراوەتەوە، بەپێی ئەوەی كە ئەو دۆخە بۆ هاووڵاتیانی غەیری كوردیش وەكوو یەكە بەڵام كوردەكان زەرەرمەندی سەرەكیی ئەو دۆخە بوون. ئەو ناوەندە سوورە لەسەر كۆكردنەوەی بەڵگە و شایەتی كەسانی ئاگادار لە دۆخی مافی مرۆڤ و قوربانیانی ئەو بوارە و دواتریش سەرجەم راپۆرتەكان لەسەر سایتی ناوەندەكەمان بڵاو دەكەینەوە.
كوردپا: لە بەرەبەری ١٠ی دێسامبر رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ داین، دۆخی مافی مرۆڤ لە كۆمەڵگەی ئێران و كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
راد سەنجابی: بەداخەوە ئەوەی دەیبینین زۆر جێگای نیگەرانییە، بەڵام پێویستە كەرامەتی و بایەخەكان بۆ خەڵكی ئێران بگەڕێتەوە و لەو حاڵەتەدایە كە هاووڵاتیان دەتوانن بەرگریی لەمافەكانیان بكەن و ئەو كێشە بنەڕەتیانەی ئێران تەنیا لە لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی یاسامەند و رەوادا چارەسەر دەكرێ.
بیوگرافی و چالاكییەكانی راد سەنجابی
ـ سەنجابی لە بانەمەڕی ١٣٦٣ لە تاران لەدایك بووە و لەتەمەنی شەش ساڵیدا ئێرانی بەرەوە ئەمریكا بەجێهێشتووە
ـ خاوەنی بڕوانامەی كارناسی زانكۆی بیل لە بواری مێژووی ئابووری ئێران و بڕوانامەی دكتوڕای حقووق لەزانكۆی واشینگتۆنە
ـ چەندین ساڵ لە وڵاتی كامبۆج و هێند لە بواری گەندەڵیی ئیداریی و ئابووریدا توێژینەوەی كردووە
ـ راد سەنجابی لەبزووتنەوەكانی دژە شەڕ و دژە توندوتیژیدا چالاكی بەرچاوی هەبووە
ـ هەنووكە كارناسی یاسایی و بەرپرسایەتی ئیجرایی ناوەندی بەڵگەنامەكانی مافی مرۆڤی ئێرانی لەئەستۆیە
ئا: غ. لهۆن