بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەگەڵ ئازادیی مەرجداری محەممەد حوسێن‌پوور دژایەتییان کرد

13:25 - 2 خاکەلێوه 2721

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لەگەڵ ئازادیی مەرجداری زیندانییەکی مەزهەبی بە ناوی "محەممەد حوسێن‌پوور"، کوڕی عەلی و خەڵکی شاری پیرانشار، دژایەتییان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانی ورمێ سەرەڕای دژایەتیکردن لەگەڵ داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئەو زیندانە مەزهەبییە، هەروەها لەگەڵ کەمکردنەوەی حوکمی زیندانیی ناوبراو، بەپێی گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، دژایەتییان کردووە.

محەممەد حوسێن‌پوور، ١٣ی گەلاوێژی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە، دواتر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە مەزهەبییەکان"، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە.

محەممەد حوسێن‌پوور، وەرزی بەهاری ساڵی ٩٩، بۆ یەکەمجار هاتبووە مەرەخەسی.