بەرپرسانی حکوومەتی ٣ زیندانیی کوردیان لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دا+ شوناس

14:53 - 27 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی لەسێدارەدانی ٥ کەسی لە زیندانی ورمێدا بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرە بەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی رێبەندان، ٥ زیندانی، کە سێ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.

دوو کەس لەو کەسانەی لەلایەن دەزگای داوەرییە لە سێدارە دران، هاووڵاتیی ئازەری بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە ورمێ، شوناسی هاووڵاتییانی کوردی لەسێدارە دراوی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی رەحیم سلێمانی تەمەن ٦٠ ساڵ و کوڕی زبێد و خەڵکی گوندی \"هورسین\"، خوسرەو مۆنیری خەلکی گوندی \"کەلهور\" و عادڵ کووهی کوڕی حوسین و خەڵکی گوندی \"خانەقا\"، راگەیاندووە.

\"24811.jpg\"
رەحیم سلێمانی، ماوەی ٢٠ ساڵ لە زیندانی ورمێدا بوو
هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە ئازەرییە بۆ هەواڵنێری کوردپا ئاشکرا نەبووە.

رەحیم سلێمانی، کە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا دەستبەسەر کرابوو، ماوەی ٢٠ ساڵ بوو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ چاوەڕێی حوکمی لەسێدارەدانەکەی دەکرد، کە سەر ئەنجام بە بریاری دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە درا.

ئەو ٥ زیندانییە، رۆژی رابردوو لە بەندی ١٥ی زیندانی ورمێ (زیندانی دەریا)وە بە مەبەستی بەرێوەبردنی حوکمەکەیان، گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامی، ئەو ٥ کەسەی بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، بە سێدارە مەحکووم کردبوو.