بەرپرسانی حکومەتی: ئابوریی ئێران نەخۆشە و کێشەی جیددی بەرۆکی گرتووە

14:55 - 6 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ پڕوپاگەندای بەردەوامی دەزگا تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ هیوادارکردنی خەڵک بە داهاتووی ئابوریی وڵات، بەرپرسانی حکومەتی ناچار بە ئێعتراف لەمەڕ شپرزەیی دۆخی ئابوریی دەبن.

وەزیری ئابوریی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی \"ابرار اقتصادی\" دەڵێ: ئابوریی ئێران نەخۆشە و سەرەڕای ئەوەیکە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئێران داهاتی زۆری نەوتیی هەبووە بەڵام گەشەی ئابوریمان ڕەوتی بەپێچەوانەی پێواوە.

عەلی تەیێب نیا لە کۆڕی سیاسەتی ئەرزی و دراویشدا ڕایگەیاندبوو: چەند نیگەرانی گەورە لە ڕێگەی وەدیهێنانی ئامانجە ئابورییەکانمان بوونی هەیە کە گرینگترینیان بریتین لە بوونی کێشە و ناکۆکی قوڵی سیاسی و باندی، نەبوونی متمانە، کێشەی دارایی، قەرزە زۆرەکانی دەوڵەت و قەتیس مانەوەی سەرمایە و داراییەکانی وڵات.

لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران لە کۆنفرانسێکی خەبەریدا بە ڕۆژنامەی \"تفاهم\"ی گووتووە: داتەپینی ئابوری پرسێکی زۆر جیددییە لە ئێراندا و پێویستە دەوڵەت بە زووترین کات ئاوڕی جیددی لێبداتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە وەزارەتی سەنعەتی ئێران لە نوێترین ئاماری خۆیدا ئاشکرای کردووە ڕێژەی ئیزن نامە سەنعەتییەکان لە ساڵی ٩٤ بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٣، ١٤.٢% کەمی کردووە و پیشە سەنعەتییەکانیش ١٢% کەمبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە.

هەواڵدەریی تەسنیمیش لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە حسەین ئەشتەری فەرماندەی هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامی بە هەواڵنێرانی وتووە ئەوەندەی کە کاڵا و شتومەکە قاچاخەکان لە سنوورە فەرمییەکانەوە هاوردە دەکرێن لە سنورە نافەرمییەکانەوە ناهێنرێنە نێو خاکی ئێران کە ئەمە دەرخەری بوونی سیستمی بەرتیل خواردنە لە نێو دام و دەزگا حکومەتی و سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ئێران و وەک ئابوریناسان دەڵێن ئەم دیاردە کە بەشێکە لە گەندەڵی سیستماتیک بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی ئیداری و ئابوریی حکومەتی ئیسلامی.