بەرهەمی وەرگێڕێکی کوردی ڕۆژهەڵات چاپ و بڵاو کرایەوە

15:31 - 20 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: وەشانگەی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوار چرا_ سلێمانی، کتێبی وەرگێڕێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی باشووری کوردستانی چاپ و بڵاو کردەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کتێبی (چەند تێڕامانێک لە حکوومەتی هەڵبژێردراو)ی نووسەری بیانی \"جان ستوارت میل\" کە لەلایەن نووسەر و وەرگێری کوردستانی ڕۆژهەڵات \"شەریف فەلاح\"ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم کتێبە یەکێک لە بەرهەمە ناوازەکانی جان ستوارت میلە لە بواری فەلسەفەی سیاسیدا کە لە هەڤدە بەشی جیاجیادا باسی ناوەرۆک، پێکهاتە و ستراکتۆری حکوومەتی هەڵبژێردراو دەکات کە جێگەی پەسەندی جەماوەر بێت.

مەبەستی نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبە، نیشاندان و خستنەڕووی ئەنجامی بیرکردنەوە و بۆچوونەکانییەتی لە بواری باشترین و بەرزترین شێوازی حکوومەتی دێموکراتیک و هەروەها باسکردن لە مەڕ تیۆریی گشتیی حکوومەت و دامەزراوە دێموکراتیکەکان.

کتێبی \"چەند تێڕامانێک لە حکوومەتی هەڵبژێردراو\"، ڕەنگدانەوەی پوختەترین ڕوانگەکانی نووسەرە لە مەڕ مەسەلە بنەڕەتییەکانی سیاسەت لە سەردەمی خۆیدا.

سەرەکیترین ئامانجەکانی ئەمە کتێبە، نیشاندانی پێکهاتەیەکی شیاو و کاریگەرە لە بارەی چاوەدێریی تەواوی خەڵکی بە سەر کاروبارە گشتییەکاندا و ڕێکخستنی دامودەزگای تایبەتمەند کە لە سەر بنەمای شارەزایی بنیات نرابێت.

ناوی کتێبەکە بە فارسی (تاملاتی در حکومت انتخابی) لە نووسینی جان ستیوارت میل نووسەری بریتانییە و وەرگیڕانی بۆ فارسی لە لایەن دوکتور \"عەلی ڕامین\"ەوە کراوە.

ئەو کتێبە لە ١٠٠٠ بەرگدا لەلایەن وەشانگەی \"چوار چرای_سلێمانی\" لەجاپ دراوە.

شەریف فەلاح، شاعیر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی، لەدایکبووی ١٣٥٣ی شاری سنەیە و پێشتر لە بوارەکانی زمان و ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها ئەدەبی زارەکی و وەرگێڕان، خاوەنی حەوت کتێبی دیکەیە.

ئێستاش شەش کتێبی دیکەی لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەیە.