بەرهەمی وێنەگرێکی کورد خەڵاتی جیهانیی بەدەست هێنا

20:25 - 21 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرهەمی وێنەگرێکی کوردی خەڵکی شاری \"بیجاڕ\"ی سەر بە پارێزگای کوردستان ، توانی خەڵاتی زێڕینی فێستیڤاڵی \"فیاپ\"ی فێدراسیونی وێنەگرانی جیهان بەدەست بێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا، هاووڵاتییەکی وێنەگری خەڵکی شاری بیجاڕ بە ناوی جەمشید فەرەجوەند توانی بە پێشکەش کردنی پێنج بەرهەمی وێنەگریی خۆی لە فێستیڤاڵی فیاپ، خەڵاتی زێڕینی ئەو فێستیڤاڵە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ئەو فێستیڤاڵە ئەمساڵ، بەبەشداریی هەزار و ٩٥٨ وێنەگر لە ٧٨ وڵاتی جیهان و زیاتر لە ٢٢ هەزار و ٩٥٠ بەرهەمی وێنەگری بەڕێوچوو.

فیاپ تەنیا دامەزراوەیەکی نێونەتەوەییە لە بواری وێنەگری کە لە لایەن ڕێکخراوی یوونسکۆ UNESCOوە بە فەرمی ناسراوە.

\"\"
جەمشید فەرەجوەند
فیاپ فێدراسیونی نێونەتەوەیی هونەری وێنەگری، ساڵی ١٩٤٦ی زایینی لەلایەن دوکتور وان دی ویجر(DR.M.Van de wijer ( بلژیکیەوە دامەزراوە.

یەکەمین کۆنگرەی ئەو فێدراسیونە لە ساڵی ١٩٥٠ی زایینیەوە لە شاری بێرنی سوویس بە بەشداریی ١٠ نوێنەر لە وڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو.

پێشتریش ئەم وێنەگرە کوردە بەرهەمەکانی لە ئاستی ئێراندا وەکوو نموونە هەڵبژێردرابوون.

جەمشید فەرەجوەند ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە شاری \"بیجاڕ\"ی سەربە پارێزگای کوردستان لەدایک بووە و لە ڕشتەی گرافیکدا بڕوانامەی کارناسیی زانکۆی هونەری تارانی وەرگرتووە و زیاتر لە ٢٥ ساڵە خەریکی کاری وێنەگرییە.

ئەو وێنەگرە لە ١٥٢ فێستیڤاڵی نێوخۆیی و دەرەوەی وڵاتدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و دوایین جار لە فێستیڤاڵی \"شەمیمی بەهار\"ی سالی ١٣٩٢ی هەتاوی لە نێوان ٦ هەزار و ٨٠٠ بەرهەمدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.

لینکی پەیوەندیدار:
بەرهەمی وێنەگرێکی کورد لەئاستی ئێراندا وەک بەرهەمی نموونە هەڵبژێردرا+وێنە