بەرموور: پرژانە سەر ٧ حاڵەتی پێشلکردنی مافەکانی ژنان لەماوەی حەفتە رابردوودا

19:23 - 23 سەرماوەز 2713
حەفتەی دووهەمی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٣ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە ناڕوونی چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی و دەستبەسەرکرانی کەژاڵ هوژەبری لە ماڵەکەی خۆیدا و خۆکوژیی کچێک و کوژرانی ژنێک لە شاری مەهاباد و هەروەها ٣ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە دەرچونی حوکمی زیندان بۆ دوو چالاکی بەهایی و گەڕانەوەی لوا خانجانی بۆ زیندان لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

ژنێکی کورد لە پیرانشار دەستبەسەر کرا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ژنێکی کوردی خەڵکی ئاوایی سپیکانی پیرانشار لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

\"17397.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دوشەممە ١٨ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، ژنێکی کوردیان بە ناوی \"هەمین\" لە گوندی \"سپیکان\"ی پیرانشار دەستبەسەر کردووە.

دەگوترێت کە \"هەمین\" بە رەچەڵەک خەڵکی کوردستانی عێراقە و ماوەی چەند ساڵە لەگەڵ هاووڵاتییەکی کوردی ئێرانی ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و لە گوندی \"سپیکان\" نیشتەجێ بووە.

هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران دوای ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دیپۆرتی کوردستانی عێراق کردووەتەوە.

هەروەها باس لەوە دەکرێ کە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی هەبوونی چەک و چۆڵ هێرشیان کردۆتە سەر ئەو گوندە و دوای ئەوەی کە هیچیان دەست نەکەوتووە ئەو ژنە کوردەیان دەستبەسەر کردووە.

بانگهێشت کرانی دایک و خۆشکی چالاکێکی سیاسی و داوای بارمتە بۆ ئازادی ئەفسانە بایزیدی

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، دایک و خۆشکی چالاکێکی سیاسی لە شاری سنە بانگهێشت ئیتلاعاتی سنە کران و هەروەها دادسەرای ئیسلامیی شاری مەهاباد بۆ ئازادیی ئەفسانە بایزدی و براکەی داوای ١٠٠ میلیۆن تمەن بارمتەی کردووە.

\"17396.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی حەفتەی رابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دایک و خوشکی چالاکێکی سیاسیی ئەو شارەی بە ناوی شۆڕش زەندی بانگهێشت کردووە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکراوە.

لە رۆژانی رابردوودا شۆڕش زەندی تەمەن ٣٤ ساڵ، پاش ئەوەی چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و بانگهێشت بوویەوە، رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

هاوکات هاوسەری ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سنە بەناوی فەریدە زارعی هاوڕێ لەگەڵ منداڵە تەمەن ٥ ساڵەکەی بەهۆی فشاری ئیتلاعاتەوە رووی لە دەرەوەی وڵات کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، دادسەرای ئینقلابی شاری مەهاباد بۆ ئازادیی ئەفسانە بایزدی و برای ئەو کچە خوێندکارە بەناوی \"شاهۆ بایزدی داوای ١٠٠ میلین تمەن بارمتەی کردووە.

ئەفسانە بایزیدی خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری بۆکان هاوڕێ لەگەڵ براکەی شاهۆ، رۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کران.

شاهۆ بایزیدی ویسبووی پێش لە دەستبەسەر کرانی خۆشکەکەی بگرێت کە ئەویش دەستبەسەر کرابوو.

ئێــــــــــران

٣ زیندانیی بەهایی لە زیندان ئازاد کران

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، سێ بەندکراوی بەهایی لە بەندیخانەی سیمنان بە کەڵک وەرگرتن لە ئازادیی مەرجدار، لە بەندیخانە ئازاد کران.

\"17395.jpg\"
سێ زیندانیی بەهایی بە ناوەکانی تەرانە تورابی، زەهرا نیک‌ئایین و ئەنیسا فەناییان بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای ئازادیی مەرجدار، لە بەندیخانە ئازاد کراون
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سێ زیندانیی بەهایی بەندکراو لە بەندیخانەی سمنان بە ناوەکانی تەرانە تورابی، زەهرا نیک‌ئایین و ئەنیسا فەناییان بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای ئازادیی مەرجدار، لە بەندیخانە ئازاد کراون.

رۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، زەهرا نیک‌ئایین زیندانیی بەهایی کە لەگەڵ منداڵە شیرخۆرەکەی لە بەندیخانەی سیمنان راگیرابوو، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد بوو.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەز، دوو بەندکراوی دیکەی بەهایی بە ناوەکانی تەرانە تورابی و ئەنیسا فەناییان بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای ئازادیی مەرجدار، لە بەندیخانەی سیمنان ئازاد کران.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٣حاڵەت )
ماڵپەڕی کوردستان میدیا ( ١ حاڵەت )