بەرزان محەممەدی ٢٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپا

11:43 - 11 پووشپەڕ 2721

بەرزان محەممەدی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی سەوڵاوا، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوان بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕوزبێ بێهبوودی"، ٢٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی بڕیاری دادگا، بەرزان محەممەدی بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، بە ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان، مەحکووم کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگایی ئەو چالاکە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕ، بەبێ ئامادەبوونی ناوبراو و بە شێوەی ئێلێکترۆنیکی لەنێو زیندانی مەریوان بەڕێوە چووبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "کۆبوونەوەی ڕوونکردنەوەی تۆمەتی ئەو زیندانییە سیاسییە پێشووە لە دادسەرای سەوڵاوا بەڕێوە چووبوو و دۆسیەی ناوبراو ڕەوانەی دادگای ئینقلابی مەریوان کرابوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە بەرزان محەممەدی لە دادگادا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە و ناوبراو بە حوکمی دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.

بەپیی فایلێکی دەنگی کە لە بەرزان محەممەدییەوە بەدەست کوردپا گەیشتووە، ئەو زیندانییە سیاسییەی پێشووە ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەوڵاوا لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان تۆبەنامەیەکیان بۆ ناوبراو ئامادە کردبوو و خوازیاری هاوکاریی بەرزان محەممەدی لەگەڵ سپای پاسداران بوونە، بەڵام ئەو زیندانییە داخوازییەکانی هێزە ئەمنییەتییەکانی بەنیسبەت واژۆی تۆبەنامە و هاوکاریی ڕەت کردبووەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردان، ئەو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای سەوڵاوا بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی بەرزان محەممەدییان لە ماڵی براکەی لە گوندی "گوشخانی" سەر بە سەوڵاوا کە بەهۆی نەخۆشییەوە خەوێندرابوو، دەسبەسەر کردووە.

ئەو چالاکە کوردە ماوەیەک پێش، پەیوەست بووە بە کەمپەینی "نە بە کۆماری ئیسلامی".

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٩٩، بەرزان محەممەدی، پاش تێپەراندنی دوو لە سەر سێی ماوەی زیندانییەکی، لە زیندانی "ئێڤین" ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بەهۆی چالاکیی لە دنیای خوازەکیدا دەسبەسەر کرا و لە دادگای سەرەتایی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی نەزەمی گشتیی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دادگای پێداچوونەوە بەڕێوە چووبوو و حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ناوبراو بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

بەرزان محەممەدی، بەبێ لە بەرچاوگرتنی جیاکردنەوەی لەگەڵ زیندانییان دیکە، ڕەوانەی زیندانی تاران کرا کە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەوڵەی بەرپرسانی زیندان، دەستی دابووە مانگرتن.

ئەو هاووڵاتییە دواتر بۆ زیندانی ئیڤین ڕاگوێزرا و مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە هاوبەندییەکانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر دژایەتیکردن لەگەڵ ئازادیی بەمەرج، پێڕانەگەیشتن بە داواکاریی زیندانییانی سیاسی، لەبەرچاونەگرتنی ئەسڵی جیاکردنەوەی زیندانییان لەگەڵ زیندانییانی دیکە، درێژکردنەوەی دادگاییکردنیان، سەپاندنی حوکمی قورسی قەزایی و یەکلاکردنەوەی حوکمی دادگای سەرەتایی بەبێ بەڕێوەچوونی دادگایەی پێداچوونەوە بە دژی خۆیان دەستیان دابووە مانگرتن و پاش ماوەیەک، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.