بەردەوامیی گیروگرفتی پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی سەوڵاوا

15:14 - 20 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتباخانەی کوڕانەی گوندی دزڵی بەمەبەستی دابین کردن و کڕێنی کەلوپەلی ئەو قوتابخانەیە پارە لە قوتابیان وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە قوتابخانەی کوڕانەی \"ساڵحی\"ی گوندی دزڵی سەربە شاری سەوڵاوا، لەلایەن بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیەوە و بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، بەمەبەستی کڕینی کۆمپیوتر بۆ ئەو قوتابخانەیە پارە لە منداڵان وەردەگرن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاند، بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە بە قوتابیانیان راگەیاندووە كە دەبێ‌ هەر قوتابییەك بڕی ٥ هەزار تمەن پارە بەو قوتابخانەیە بدات.

لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناوچەیەوە ئەو كارەی حكوومەت بە زەخت و گوشارهێنان بۆ هاووڵاتییان لە قەڵەم دراوە.

\"10650.jpg\"
پێشتریش لە شارەكانی مەریوان، سەقز و بۆكان كاری لەم چەشنە كراوە و بە زۆری پارە لە قوتابییان وەرگیراوە.

ئەوە لە حاڵێکدا بەپێی بڕگەی ٥ی بڕیارنامەی پاراستنی مافی قوتابیان، هەر قوتابییەک مافی ئەوەی هەیە کولتووری ناوچەیی و نەتەوەیی خۆی و سەرجەم نەتەوەکانی دیکە بناسێت و لەهەمان کاتیشدا لە بوونی کتێبخانە و ئینتێرنێتی خۆڕایی بەهرەمەند بێت و دەستی بە زانست و تەکنەلۆژیاکانی سەردەم رابگات. (حقوق آموزشی دانش آموز)

بوونی ئەو بڕیانامەیە لە کاتێک دایە که ماوەی چەند رۆژ پێش ئێستا ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کرماشان لە بەخشنامەیەکدا، بەمەبەستی پەرە گرتنی زمانی فارسی و برەودان بە چەمک و دەستەواژە فارسییەکان، ئاخاوتن بە زمانی کوردی لە سەرجەم قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندنی ئەو پاریزگایەی قەدەغە راگەیاند.