بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتی مامۆستایان لەكوردستان

15:30 - 4 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: قونابخانە و ناوەندە ئیدارییەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە دوو شاری كوردستانی ئێران پەیوەست بە ریزی مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مامۆستایانی شارەكانی كرماشان و دیواندەرە بە هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ شارەكانی دیكەی كوردستان، رۆژی رابردوو ناڕەزایەتییان بە دۆخی نالەبار و ناجێگیری پەروەردە و بارهێنان دەربڕی.

مامۆستایانی شاری كرماشان خۆیان لە چوون بۆ پۆلەكانی وانە وتنەوە بواردووە و ئەو دۆخەیان مەحكووم كردووە.

ئەو مانگرتنە هاوكات بوو لەگەڵ ناڕەزایەتیی مامۆستای قوتابخانەی شارەكانی دیكەی ئێران بۆ وێنە شیراز، روبات كەریم، مەشهەد، تاران، كەرەج .

لەلایەكی دیكەوە هەواڵدەریی ئیلنا باسی لە مانگرتنی مامۆستایانی دیواندەرە كردووە و راشیگەیاندووە ئەو مامۆستایانە بە نیشانەی هەڵاواردنەكان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ئەو مامۆستایانە بە نیسبەت پەسندكراوی \" زیاد كردنی مووچەی تایبەتی فەرمانبەرانی دەوڵەت\" ئێعترازیان هەیە.

بەوتەی مەهدی بێهڵووڵی چالاكی مافی سینفی مامۆستایان، ئەو یاسایی بیجگە لەوەی مووچەی مامۆستایان لە فەرمانبەرانی دیكە جیا دەكاتەوە، لەهێندێ‌حاڵەتدا لە نێوان مامۆستایانیشدا هەڵاواردن دروست دەكات.

مامۆستایان سەبارەت بە زیادی كردنی لە سەدا ١٤ی مووچەكانیان بۆ ساڵی داهاتووش ناڕازین و لەو باوەڕدان بە پێی هەڵاوسانەكان پێویست بوو ئەو زیاد كردنە لەسەدا ٣٠ بوایە.

مانگرتنی مامۆستایان لەحاڵێكدایە كە لەسەر بانگەوازی دامەزراوە سینفییەكانی مامۆستایان، رۆژی ١٠ی رەشەممە خۆپیشاندانێكی سەراسەریی سەبارەت بەو نادادپەروەرییانە بەڕێوە دەچێت.

لەوبارەیەوە كانوونی سینفی مامۆستایان لە نامەیەكدا داوای مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران كردووە و لەنامەكەدا باس لەوە كراوە خۆپیشاندانێكی هێمنانە لەبەردەم مەجلیسی ئیسلامی بەڕێوە دەچێت.

پێشتریش مامۆستایانی شارەكانی سەقز ، كرماشان، بانە، سنە و مەریوان ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو.