بەردەوامیی لێدان و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج

22:25 - 9 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج بە بێ هیچ هۆکارێک لەلایەن مەئموورانی ئەو زیندانەوە درایە بەر لێدان و بێ حورمەتی کردن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، \"شەهرام پوورمەنسووری\" زیندانیی سیاسیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز رۆژی چوارشەممە بە بڕیاری بەرپـرسی زیندانی رەجایی شاری کەرەج دراوەتە بە لێدان و لیباسەکانیان دڕاندووە.

بە وتەی ئەو زیندانییە سیاسییەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا کە \"محەممەد مەردانی\" کە بەرپرسیارەتیی ئەو زیندانەی لە ئەستۆ بووە، دەیان جار زیندانیانیرەجایی شاری کەرەج بەرەوڕووی لێدان و بێ حورمەتی کردن بوونەتەوە.

شەهرام پوورمەنسووری ١٤ ساڵ پێش ئێستا کە تەمەنی لە ژێر ١٨ ساڵدا بوو بە تاوانی پێکهێنانی کێشە لەکاتی فڕینی فڕۆکەیەک، هاوڕێ لەگەڵ خالید و رەسوول حەردانی(برا) بە ئێعدام مەحکووم کران و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتا هەتایی کەم کرایەوە.

هەروەها پێشتریش نامیق مەحموودی زیندانیی بە ساڵاچووی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن مەئموورانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەرەوڕووی لێدان و بێ‌حورمەتی کردن ببوویەوە.