بەردەوامیی قەدەغەکرانی دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵان

14:40 - 22 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ئوستانی کرماشان دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵان لەگەڵ بیانوو و دژایەتی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتی(ثبت احوال) بەرەڕوو بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جارێکی دیکە رێگرییەکان لەمەڕ دانانی ناوی رەسەنی کوردی لە کوردستان دەستی پێکردووەتەوە و ئەم جارەیان لە کرماشان ئەو دژایەتییە دەکرێت.

هەواڵی ئەو دژایەتی‌کردنە لەلایەن جێگری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتیی ئوستانی کرماشانەوە راگەیەندراوە و باسی لەوش کردووە کە\"کۆمیتەی تایبەت بە دانانی ناو\" لە ئوستانی کرماشاندا زیاتر لە ٢٠ ناوی رەت کردووەتەوە.

حوسێن نەزەری وتوویەتی ئەو ناوانە لەبەر هۆکارەکانی دژایەتی لەگەڵ رەگەزی منداڵەکە، بێ مانا بوونی ناوەکە، دیاری کردنی ناوی بیانی و ... رەت کراونەتەوە.

ئەو ناوانەی کە لەسەر بڕیاری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتی رەت کراونەتەوە بریتین لە: خەبات (شۆڕشگێڕ)، مادیا و رووکەن (بێ مانا)، سووشیا (تایبەت بە دینی زەرتەشت)، زانست (بیانی)، هۆژان (فێربوون).

هەواڵدەریی ئیسنا ئەو هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و بە شێوەی گاڵتەجار باسی لەو ناوانە کردووە.

دژایەتی لەگەڵ دانانی ناوی کوردی لە حاڵێک دایە کە جێگری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتیی کرماشان، وتوویەتی: گوڕێنی هەر ناوێک بۆسەر ناوی چواردە ئیمامی مەعسووم، بێ کێشە جێبەجێ دەبێت.

ماوەی چەند دەیەیە کە دانانی ناوی کوردی بۆ منداڵان لە کوردستانی ئێران لەگەڵ کێشە و ئاستەنگی جیدی بەرەوڕوویە و دایک و باوکەکان لە کاتی دانانی ناو بۆ منداڵەکانیان لە ئیدارە حکوومەتییەکاندا لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەو ناوانەی کە لەلایەن ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتی رەت کراونەتەوە بە بێ دەستکاری کردن لە خوارەوەدا نووسراون:

خەباک، لایان، مادیا، سووشیا، ساندیا، ماەسەمین، ئانیس، وساڵ، \"روکن\"، ئاشیل، روحتاف، حوسێن کیان، زانست، تێگران.

کێشەی دانانی ناوی کوردی تەنیا منداڵانی نەگرتووەتەوە بەڵکوو رێگری لە دانانی ناوی کوردی بۆ دووکان، شەقام، کۆڵان و پارکەکانیش لە کوردستان دەکرێت و لە داویین حاڵەتدا ئەو رێگرییە لە شاری ورمێ رووی دا و لە زۆربەی شارەکانیش دووکاندار و بازاڕییان ناچار کراون کە ناوی دووکان و شوێنەکانیان بگۆڕن.