بەردەوامیی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهواز

20:22 - 7 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هیزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهوازیان دەست پێکردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و راپۆرتی چالاکانی مافی مرۆفی ئەهواز، دوابەدوای کۆبوونەوەی بەرینی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهواز لەسەر قەبری هونەرمەندی ناسراوی عەرەب \"ستار سەیاحی\"، شەپۆلێکی بەرینی راوەدوونان و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی عەرەب لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە ئەو پارێزگایەی گرتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ، هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراو بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراون، بە شێوەیەک چەندین کەس ئەندامانی لەشیان تووشی شکان بووە و یەکێکیش لە نزیکانی ئەو هونەرمەندە باسکێکی شکاوە و بە روونی ئاسەواری ئەشکەنجە بە لەشیەوە دیارە.

سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاندووە: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار راگوێزراون.

رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر \"زاهید زرکانی\" خەڵکی \"قەڵا کەنعان\" و هەروەها رێکەوتی ١ی سەرماوەز \"مەهدی زەنبووری\" خەڵکی \"کۆی دەروێشە\"، \"خەلف حەلفی\" خەڵکی \"کووی ئاریا\"، \"عەبدولڕەزا رەفیعی\" شاعیر و خەڵکی گوندی \"جەنگیە\"، \"سادق ناسری\" خەڵکی \"کووی خوروسی\"، \"کەریم مەجدەم\" دانیشتووی \"کووی ئاریا\" و کەریم حزباوی خاڵکی \"قەڵا کەنعان\" دەستبەسەر کراون و لەمەڕ چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.

پێشتریش هیزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردبووە سەر کۆبوونەوەی لاوانی عەرەبی ئەهواز کە بە بۆنەی کوژرانی گوماناویی \"ستار سەیاحی\" شاعیری بەناوبانگی ئەهوازی پێکهاتبوو، کۆمەڵێک لە لاوانی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەیان دەستبەسەر کردبوو.