بەردەوامیی دەسبەسەریی "سەردار ڕامین" لە یەکیک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ

11:22 - 9 رەزبەر 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەردار ڕامین" خەڵکی گوندی "قاڕنێ" سەر بە شاری نەغەدە، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ لە دەسبەسەری دایە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش نزیک بە مانگێک لە دەسبەسەرکرانی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ دایە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان ناچار کردووە کە بە زمانی "فارسـ"ـی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییە ٥ خولەکی خایاندووە و سەردار ڕامین سەبارەت بە دۆخی تەندروستی هیچ شتێکی بە بنەماڵەکەی نەگوتووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت ناڕوونبوونی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، نیگەرانیی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاندووە ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانان، سەردار ڕامین بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ناوبراو، لەبەر دەستدا نییە.