بەردەوامی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان

21:03 - 14 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هیزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری \"سەلاسی باوەجانی\"یان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەی بە ناوەکانی\"جەوهەر\" کوڕی مەلا قادر و \"سەریاس\" کوڕی حوسێن دانیشتووی شارۆچکەی \"تەمرخان\" ی شاری سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندووە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی\"قاچاخی چەکوچۆڵ\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەیی ئەم هەواڵە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە گرتووخانەی هێزەکانی ئیتلاعات دان.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی \"مەولوود ئیسماعیل پوور\" و ناوبراویان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنکی نادیار ڕایانگواست.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٦٨ ساڵە، ناوبرایان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: محەممەد کوڕی مەولوود ئیسماعیل پوور، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، تۆمەتبار کراوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ لە شاری سەردەشت نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی ناڵەباری جەستەیی و دەرونی مەولوود ئیسماعیل پوور بە هۆی پیری و بەساڵاچوویی ناوبراو، دەربڕیووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا،[(٩٤)ی هەتاوی]، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر لەلایەن ناوندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە کوردستان دەستبەسەر کراون.