بەردی ئاسنی وڵاتی ئێران كڕیاری نەماوە

13:30 - 25 رێبەندان 2711
كوردپا: دوابەدوای توندتر كردنەوەی گەمارۆكان بۆ سەر حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، كڕیارانی بیانی خۆیان لە كڕینی بەردی ئاسنی ئەو وڵاتە دەبوێرن.

هەواڵدەریی رویتێرز بڵاوی كردەوە، لە سەرەتای ساڵی 1390وە كڕین و فرۆشتنی كاڵا لە ئێرانەوە بۆ دەرەوە لەگەڵ كێشە و ئاریشە بەرەوڕوو بۆتەوە و لەم دوایانەشدا بازرگانە ئورووپاییەكان لە كڕینی بەردی ئاسنی ئێران خۆیان دەبوێرن.

كۆمپانیایەكی ئورووپایی ئاشكرای كردووە، لە ئەگەری درووست كردنی پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەخرێنە لیستەی رەشی ئەمریكاوە.

پێشتریش بازارگانە ئورووپاییەكان ئاستی كڕینی بەردی ئاسنیان لە ئێران كەم كردبۆوە، بەڵام لەم دواییانەدا رادەی كڕینی بەردی ئاسن گەیشتۆتە سفر.

حكوومەوتی ئیسلامیی ئێران لە ئاستی جیهاندا بە شەشەمین وڵاتی هەناردەی بەردی ئاسن دێتە ئەژمار و لە ساڵی رابردوودا نزیك بە 16 میلیۆن تۆن لەو بەردەی هەناردەی دەرەوەی وڵات كردووە.

شیمانەی ئەوە دەكرێ‌ كە وڵاتی چینیش لە ماوەیەكی نزیكدا كڕینی بەردی ئاسن لە ئێران رابگرێت.