بە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد ئاماری قوربانیان لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتە ٢٣ کەس

20:47 - 24 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی یەکیک لەناوچەکانی شاری پیرانشار دوای دوو رۆژ مانەوەی بە برینداریی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمرۆ چوارشەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی پیرانی پیرانشار بە ناوی سیامەند ئەحمەدی لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەست دا.

سەرچاویەکی ئاگادار باسی لەوە کرد، ئەو کۆڵبەرە کوردە ماوەی دوو رۆژ لەمەوبەر بە تەقەی راستەخۆی هێزە حکوومەتیەکانی ئیسلامی ئێران لەناوچەی سنووری پیرانشار بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانە نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، سیامەند ئەحمەدی سەرەتا رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کرابوو و دواتر بە هۆی قوورسی برینەکەیەوە بۆ ورمێ راگوێزرابوو.

بە وتەی جەند کەسی ئاگادار، سیامەند تەنیا کەلوپەلی بەرقی پێ بووە و پاش بریندار کرانی هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلەکەشیدا گرتووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٣ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٢ کۆڵبەر کوژراون و ١١کەسی دیکەش بریندار کراون.