بێکاری، گیانی کۆڵبەرێکی خەڵکی نۆدشەی ئەستاند

22:58 - 4 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: لەیەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێ لە کوردستان، کۆڵبەرێک بە هۆی جەڵتەوە گیان لە دەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ناوچەی سنووریی نۆدشە لە شوێنێک بە ناوی \" هانە و دەشتێ\" کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٤ ساڵە بە ناوی \"ڕۆستەم ڕۆستەمیان\" کوڕی \"نەسڕوڵا گیانی\" لە دەستدا.

گیانی لە دەست دانی ئەو کۆڵبەرە کورد بە هۆی جەڵتە، لەژێر گوشاری تاقەت پڕوکێنی کۆڵبەری لە شاخە هەڵەمووتەکانی ناوچەی سنووریی هەورامان ڕوویداوە.

\"29829.jpg\"
ڕۆستەم ڕۆستەمیان
ڕۆستەم خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە و دوای ڕاگوستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، گیانی لە دەست دا.

هەوڵنێری کوردپا لە شاری نۆدشە ڕاگەیاند: مردنی ئەو کۆڵبەرە لەگەڵ نیگەرانی خەڵک بەرەوەڕوو بووتەوە و خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕۆستەمیان بە \"شەهیدی ڕێگای ژیان\" وەسف کردووە.

شاری نۆدشە لە ١٠ کیلۆمێتری سنووریی پارێزگای کرماشان لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە هەڵکەوتووە و بە وتەی بەرپرسانی حکوومەتی، بێکاری و ئاماری چوونە سەرەوەی بێکاری لە نێو لاوانی لەو شارە، بە گرینگترین و گەورەترین کێشەی ئەو شارە بە ئەژمار دێت.

پێشتریش لە ناوچەی سنووریی بانە، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە هۆی هەڵاتن لە دەست هێزەکانی هەنگی سنووریی سپای پاسداران، دەکەوێتە ناو ڕووباری چۆمان دەخنکێ.

هەواڵدەریی ئیلنا لەو بارەیەوە بڵاویکردبووە کە کۆڵبەری، مردنی بێ دەنگی کرێکارانی بێکاری کوردستانە.

بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، ٥٨ کۆڵبەری کورد بوونەتە قوربانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە ئاکام ٢٩ هاووڵاتیی گیانیان لە دەستدا.