بێڕێزی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەیەکی کورد

15:01 - 16 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەردەوامن لە بێڕێزی کردن بە بنەماڵەی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری پیرانشار.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ بانەمەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری پیرانشار، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی حەسەن ئاچاک و بەبێڕیزیان بە بنەماڵەیی ناوبراو کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار باسی لەوە کرد ، مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە، پاش ئازار و بێرێزی کردن بەو بنەماڵەیە، هەڕەشەی دەستبەسەر کردنی خێزانی حەسەن ئاچاکیان بە ناوی\"زەینەب\" کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو بنەماڵەیان گوتووە، ئێوە دژی ویلایەتی فەقیهن و \"مفسد فی الارض\"ن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە پێشتر دوو کوڕی حەسەن ئاچاک بە ناوەکانی\"ئەحمەد و ئەیووب\" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوون.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەحمەد ماوەی دوو ساڵه بێسەر و شوێنە و ئەیووبیش سێ مانگ دەبێ دەستبەسەر کراوه و بنەماڵەکەیان لە ترسی هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعات نەیانتووانیووە،بەدواچوون بۆ ئاگادار بوون لە دۆخی چارەنووسی کوڕەکانیان بکەن.