\"بێهرووز ئاڵخانی لەسێدارە درا\"

16:58 - 4 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: هەواڵ و زانیارییەکان باس لەبەرێوەچوونی حوکمی سێدارەی زیندانییەکی سیاسی کورد لەشاری ورمێ دەکەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی خەرمانان، بێهرووز ئاڵخانی کوڕی فارس لەزیندانی دەریا لەشاری ورمێ لەسێدارە ددرا.

کانوونی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان لەزاری بنەماڵەی بێهرووز ئاڵخانی هەواڵی ئێعدامکردنی کوڕەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

رۆژی رابردوو، ژمارەیەک لەنزیکەکانی بنەماڵەی ئاڵخانی لەبەردەرگای گرتووخانەی ناوەندی ورمێ کۆببوونەوە.

\"28483.jpg\"
کۆبوونەوەی ژمارەیەک لەنزیکەکانی بنەماڵەی ئاڵخانی لەبەردەرگای گرتووخانەی ناوەندی ورمێ
هەوڵەکانی ئاژانسی کوردپا بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی سێدارەی بێهرووز لەگەڵ پارێزەر، برا و نزیکەکانی بێهرووز بێ ئاکام مایەوە.

بەرێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەکاتێکدایە کە رێکخراوی لێبوردونی نێودەوڵەتی بەبڵاکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی کردبوو کە دەستبەجێ حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە رابگرن.

پێشتر، بێهرووز ئاڵخانی لەنامەیەکدا باسی لە ئازار و ئەشکەنجەی خۆی لەزیندان لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە کردبوو.

سەعید بومدوها جێگری لێپرسراوی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا پڕۆسەی دادگای کردنی ئاڵخانی نادادپەروەرانە ناو بردووە و وتوویەتی: بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام کردنی ئەو زیندانی لە کاتێکدایە کە بێهرووز چاوەڕوانی ئەنجامی پێداچوونەوەی پەروەندەکەی بوو.

ئەو زیندانییە کوردە، ٧ی رێبەندانی ١٣٨٨ی هەتاوی، لەشاری سەڵماس دەستبەسەر و بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە ژووری تاکەکەسی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ راگیرابوو.

دەوترێت، بێهرووز ئاڵخانی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لەحیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و \" کوشتنی دادستانی گشتی شاری خۆی\" حوکمی ئێعدامی بۆ دەرچووبوو.

بێهرووز بە بەردەوامی کوشتنی دادستانی خۆی رەت کردبوویەوە.

پێشتریش لەسەرەتای مانگی رابردوودا، سیروان نژاوی زیندانیی سیاسی کورد لەگرتووخانەی تەورێز لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارەوە لەسێدارە درا.

لینک‌مرتبط:
ورمێ/جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی زیندانییەکی سیاسی کورد بە دوور لەچاوەڕوانی نییە