بێستوون كوردنژاد: گوتاری بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی، گوتارێکی ناسیۆنالیستییە

13:06 - 28 بانەمەڕ 2712
کوردپا: چالاکێکی خویندکای لەو باوەڕە دایە کە گوتاری بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی گوتارێکی ناسیۆنالیستییە و لەم پێناوەشدا درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی داوە و بەشێکە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد.

بۆ تاوتوێ كردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم چالاكانی خوێندكاری كورد لەنێو خۆی كوردستانی ئێران و بزووتنەوەی خوێندكاریی كورد، ماڵپەڕی یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆکراتی كوردستانی ئێران، وتووێژێكی لەگەڵ یەكێك لە چالاكانی خوێندكاری ناوخۆی وڵات و بەڕێوەبەرانی یەكیەتیی دێمۆکراتیكی خوێندكارانی كورد كردووە.

بزووتنەوەی خوێندكاری كوردی لە كوردستانی ئێران یەكێك لە بزووتنەوەی ئەكتیڤەگانی نێو كۆمەڵگای كوردستان بووە هەر بۆیەش لەم وتوێژەدا لەگەڵ بێستوون كورد نژاد \"ناوی خوازراو\" یەكێك لە چالاكانی خوێندكاری كورد و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی یەكیەتیی دێمۆکراتیكی خوێندكارانی كورد تاوتوێ کراوە کە نوسخەیەکی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە و دەقی وتوووێژەکە دەخەینە بەر دیدی خوینەران.

دەقی وتوێژەكە:
خوێندكاران: ئێوە یەكێك لە چالاكانی بزووتنەوەی خوێندكاریی كورد لە كوردستانی ئێرانن، چالاكیی خوێندكاری بۆ خوێندكارانی كورد لە ئێراندا چۆن دەبینن؟ لە هەلومەرجی هەنووكەییدا؟

ب. کوردنژاد: بۆ باس کردن لە سەر بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی بە ڕای من دەبێ سەرنج بدەینە دوو قۆناغ، کە یەکێکیان پێش لە دامەزراندنی یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کوردە و هەروەها دوای دامەزراندنی یەکیەتی.
لە قۆناغی یەکەمدا خوێندکارە کوردەکان هەر کامە بە جودا لە زانکۆکاندا چالاک بوون و پێوەندییەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا بەدی نەدەکرا، کە یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد ئەم بۆشاییەی پڕ کردەوە و بووە هۆی هاوئاهەنگ کار کردنی خوێندکارانی کورد و بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی لە ئێراندا.
یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد لە سەرەتای دامەزراندنی و بە ئێستاشەوە هەڵگری دروشمێک بووە کە لە پێکەوە کار کردندا خۆی دەبینێتەوە. کە هەر لە سەرەتاوە بەرەو رووی گوشار بووە لە لایەن دەسەڵاتەوە و هەر وەها کە بینیمان لە هاوینی ساڵی ٩٠دا بە دەستبەسەر کردنی بەڕێوە بەران و ئەندامانی کومیتەی هاوئاهەنگی یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد گوشارەکانی خۆی زیاتر لە جاران بەرەوڕووی یەکیەتی کردەوە.
بۆیە دوابەدوای ئەم دەستبەسەرکردنانە یەکیەتی کە نوێنەری بەشێک لە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردییە و تەنیا رێکخراوەیەکی خوێندکاری کوردییە کە به شێوەیه كی یاسایی لە سەرانسەری ئێراندا چالاک بێت، دەورەیەکی رکوود بە سەر چالاکی خوێندکاری کوردیدا حاکم بووە کە بە دڵنیاییەوە دەورەیەکی گوزەرا دەبێت و ئێستا چالاکانی خوێندکاری لە هەوڵی یەکخستنەوە و یەکڕیزی خوێندکارە کوردەکاندان.
\"4570.jpg\"
خوێندكاران: خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی ئێران لەم ساڵانەی دواییەدا داخوازییەكانی خۆیان بە شێوەی رێكخراو(سازمان دراو) جیا كردۆتەوە، داخوازی بزووتنەوەی خوێندكاری كورد چییە؟
ب. کوردنژاد: دیارە لە ئێراندا بزووتنەوەی خوێندکاری دەورێکی کاریگەری هەبووە لە ئاڵوگۆڕەکاندا بە تایبەت لەم دواییانەدا، بەس کەم و کورتیەکی بنەڕەتی بزووتنەوەی خوێندکاری ناوەندی (مرکزی) لە وڵاتێکی فرە نەتەوە وەک ئێراندا ئەوەیە کە بە بێ لە بەر چاو گرتن و تەنانەت هەروەها کە لە زۆرێک لە دروشم و چالاکییەکانیاندا دیارە، لە بەر چاو نەگرتن و پێشێل کردنی مافی نەتەوەکانی ئێرانە. لە لایەکی تریشەوە بزووتنەوەی خوێندکاری لە سەرانسەری جیهاندا هەوڵی داوە کە شەوقدەرەوەی دەردەکانی کۆمەڵگا بێت و لە پێناو چارەسەر کردنیاندا تێبکۆشێ.
لە وڵاتی ئێرانیشدا بە هۆی ئەو ستەمە نەتەوەییەوە کە بەرەوڕووی نەتەوەی کورد بووەتەوە و هەر وەها بەهۆی ناعەداڵەتییە مەوجودەکانەوە، بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی لابردنی ئەم ستەمە و هەروەها مافی دیاری کردنی چارەنووسی وەک دروشمی سەرەتایی خۆی هەڵبژاردوە و لەم پێناوەشدا درێژەی بە کار و چالاکییەکانی خۆی داوە و نموونەی ئەم هەوڵەش دەتوانین لە دامەزراندنی یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد و هاتنەدەرەوەیان لە بزووتنەوەی خوێندکاری ناوەندییدا (مرکزی) ببینین.
خوێندكاران: ئایا بزووتنەوەی سەرانسەریی خوێندكاری ناتوانێت مافەكانی خوێندكارانی كورد رەچاو(تامین) بكات كە خوێندكارانی كوردی ناچار كردووە لەنێو بزووتنەوەیەكی شوناسخواز(هویت تەلەب) دا چالاكی بكەن؟

ب. کوردنژاد: لە پێشدا بە رای من ناتوانین نێوی سەرانسەری لە بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران بنێین. بزووتنەوەیەک سەرانسەرییە کە ماف و داخوازییەکانی تەواوی ئەندامانی رەچاو و کات لە پێناو بەدیهاتنیاندا هەنگاو هەڵێنێ. هەر بۆیە من پێم باشترە کە بوترێت بزووتنەوەی خوێندکاریی ناوەندی.
هەروەها کە پێشتریش ئاماژەم پێدا بزووتنەوەی خوێندکاری ناوەندی لە ئێراندا مافە سەرەتاییەکانی ئێمە وەک نەتەوەی کورد کە پێک هاتوە لە مافی دیاری کردنی چارەنووس و هەر وەها لابردنی ستەمە نەتەوەیی و لابردنی هەر چەشنە جیاوازییەکە (تبعیچ)، ژێر پێ ئەنێت و هیچ بەرنامەیەکی بۆ ئەم بابەتە سەرەکییەی تەواوی بزووتنەوە کوردییەکان و لەوانەش بزووتنەوەی خوێندکارییەکەیەتی، چالاکە خوێندکارییە کوردەکان ناچار بە پێکهێنانی رێکخراو و یەکیەتیی گەلی جیاواز لە بزووتنەوەی ناوەندی دەکات.
خوێندكاران: پێوەندی نێوان بزووتنەوەی خوێندكاری كوردی و سەرانسەری چۆنە؟ ئایا هاوتەریب(موازی) یەكن یان دژی(مخالف) یەكترن؟

ب. کوردنژاد: لەو چالاکییانه ی کە لە نێوان بزووتنەوە خوێندکارییەکاندا هاوبەشە وەک رۆژی خوێندکار لە ئێراندا، یان داواکاری گەلێکی سنفی و ... تەنانەت وەک هاوکار پێکەوە کاریان کردوە و ئەویش لە زانکۆگەلێکدا کە زۆرینە بە چالاکەکانی نەتەوەکانی تر بووە، کە هەر بۆ ئەم داواکارییەش لە زانکۆکانی کوردستاندا چالاکە کوردەکان بە تەنیایی کاریان کردووە.
بەس لە بابەتگەلێکی وەک شوناس، نەتەوە و ... دژ بە یەک وەستاون.
لە کۆتایی ئەم پرسیارەدا دەتوانم بڵێم کە داواکاری بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی و ناوەندی لە زۆر شوێندا جیاوازن و تەنانەت دژ بەیەکیش. ئێمە کێشەی نەتەوەمان هەیە.

خوێندكاران: میكانیزمەكان و ئامانجەكانی بزووتنەوەی خوێندكاری كوردی كامانەن؟ بزووتنەوەی خوێندكاری كوردی داوای چی دەكات و چۆن بو وەدیهاتنی ئەو خواستە كار دەكات؟ بە تایبەت یەكیەتیەكەی ئێوە چۆن كاری بۆ كردووە تا ئێستا؟

ب. کوردنژاد: بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی وەک هەرکام لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی تر هەندێک داواکاریی هاوبەشی هەیە وەک باسی رەخنە لە دەسەڵات، ئازادیخوازی و ... و هەروەها بەشێک لە داخوازییەکانی جیاوازە.
لێرەدا گرینگ ئەم بەشە جیاوازەیە کە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی لە دیاری کردنی مافی چارەنووس، لابردنی ستەمی نەتەوەیی، لابردنی روانگەی ئەمنییەتی لە سەر کوردستان و ... .
یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد بە پێی پێڕەوی ناوخۆ، پێک هاتووە لە بنکە و ئەنجومەن و بڵاڤۆکە خوێندکارییە کوردییەکان لە سەرانسەری ئێراندا.
یەکیەتی داواخوازییەکان و بەرنامەکانی لە رێگای ئەم بنکە و بڵاڤۆکانەوە بەڕێوە دەبات. بە تایبەت لەم بارودۆخەدا کە ئیجازەی چالاکی سەربەخۆ بە یەکیەتی نادرێت، بۆ بەدیهاتنی خواستەکانمان بە بەڕێوە بردنی کۆڕ و سمینارە خوێندکارییەکانەوە و هەر وەها بە بڵاوکردنەوەی گۆڤار و رۆژنامە خوێندکارییەکان و هاوکاری کردنی ناوەندە مەدەنییەکانی کۆمەڵگاوە هەنگاومان هەڵهێناوە.
لە لایەکی تریشەوە لەسەر زۆرێک لە رووداوەکانی کوردستان کاردانەوە و چالاکی بووە کە بریتی بوون لە دەرکردنی بەیاننامە، بەڕێوەبردنی مەراسمی ساڵیادی مردنی گوماناوی ئیبراهیمی لوتفوڵڵایی و ... .
خوێندكاران: یەكیەتیی دێمۆکراتیكی خوێندكارانی كورد تا ئێستا توانیویەتی چ دەورێك لە نێو زانكۆكاندا بگێڕێت و چی كردووە؟ بۆ نموونە ئیزنی پێ دراوە لەزانكۆكاندا لق و نوێنەرایەتی هەبێت؟
ب. کوردنژاد: هەروەها کە باسم کرد ئەندامانی یەکیەتی لە واقیعدا حقووقین واتە نوێنەری یەکێک لە بنکە یان بڵاڤۆکە خوێنکارییە کوردییەکانن، بۆیە دەتوانم بڵێم کە زۆرێک لە ناوەند و بڵاڤۆکە کوردییەکانی نێو زانکۆکان ئەندامی یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کوردن. هەر لە رێگای ئەم ناوەندانەوە زۆربەی چالاکییەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. بە شێوەیەک کە زۆرێک لە کۆڕ و سمینارە کوردییەکان لە زانکۆکانی ئێراندا یەکیەتی دیموکراتی خوێندکارانی کورد و ئەندامانی یەکیەتی بەڕێوەی دەبەن.

\"4571.jpg\"
هەروەها لە دەرکردنی گۆڤار و بڵاڤۆکە خوێندکارییەکاندا دەورێکی ئەساسی گێڕاوە. بۆ نموونە دەتوانم ئاماژە بە رۆژنامەی \"هەژان\"ی زانستگای کوردستان بکەم کە رۆژانە لە چاپ دەدرا و تەنیا بڵاڤۆکێکی خوێندکاری بووە کە لە ئاستی ئێراندا رۆژانە چاپ دەبوو کە دوابەدوای لە سێدارەدانی ئیحسان فەتاحییان داخرا.
بەو شێوەیەی کە باسم کرد زۆرێک لە ناوەندە خوێندکارییە کوردییەکان ئەندامی یەکیەتی بوون.

خوێندكاران: یەكیەتیی دێمۆکراتیكی خوێندكارانی كورد لە ماوەی چالاكیەكانیدا بەرەورووی گوشارێكی زۆر بۆتەوە؟ هۆكارەكانی چی بوون؟

ب. کوردنژاد: یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەرەوڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە دەسەڵات ناتوانێت بەرانبەر بە رێکخستن و هاوئاهەنگ کار کردنی بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی بێ دەنگ بێت و لە هاوئاهەنگیی خوێندکارە کوردەکان یان هەر بزووتنەوەیەکی تر ترسی لە دڵدایە. کە بەڕای من هۆکاری جودا لەمەی نەبووە.
لە کاتی گرتنی هاورییانی ئێمەدا نەبوونی مجەوز و چالاکییەکانی نێو زانکۆکان و هەوەها دەرکردنی بەیاننامەیان بە تاوان دەدا لە قەڵەم، لە حاڵێکدا کە لە ئێراندا هیچ یاسایەک بۆ وادار کردنی تاکەکان بۆ گرتنی مجەوز بۆ چالاکی بە شێوازی یەکیەتی یان رێکخراوە نییە، کە وایە یەکیەتی یاساییە.
لە کۆتاییشدا دەبێ بڵێم کە گۆشارەکان تەنیا بە دەستبەسەر کران کۆتایی پێ نەهاتوە و تا ئێستا ٥ کەس لە ئەندامانی یەکیەتی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراون کە بریتین لە سۆران دانشوه ر، دلێر ئێسکەندەری، وەحید بەهرامی، ساڵح ئەیومەن و ئارەش ساڵح.

خوێندكاران: گوتار(گفتمان)ی زاڵ بە سەر بزووتنەوەی خوێندكاری كوردیدا كامایە و خوێندكارانی كورد چ ئەركێك دەكەوێتە سەر شانیان؟
ب. کوردنژاد: بێگومان گوتاری بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی گوتارێکی ناسیونالیستییە و لەم پێناوەشدا درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی داوە و بەشێکە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە هەر بۆیە ئەرکی تەواوی خوێندکارانی کوردە کە وێڕای بەشدارای لەم بزووتنەوەیەدا هاوکاری ناوەندەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ناوەند و بنکە کوردییەکانی تری کۆمەڵگا بکات.

خوێندكاران: داهاتووی بزووتنەوەی خوێندكاری كوردی چۆن دەبینن؟
ب. کوردنژاد: بە دڵنیاییەوە ئاسۆیەکی روون لە بەر رێی بزووتنەوەی خوێندکاری کوردیدایە. بە تایبەت بە دوای پێک هێنانی یەکیەتی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد و زۆر بوونی رۆژ لە دوای رۆژی ناوەندە خوێندکارییە کوردییەکان، زۆر بوونی خوێندکارە کوردەکانی نێو زانکۆکان لە ئاستی کارناسی هەتا دوکتورا و ... بە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردییەوە بە خۆشبینییەوە دەڕوانم.