بۆکان/ سمکۆ مەعرووفی، چالاکی ژینگەیی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

16:54 - 19 رەشەمه 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمە، سمکۆ مەعرووفی، چالاکی ژینگەیی خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ‌بەڵگەی یاسایی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگە‌پارێزیی وڵاتیان دەسبەسەر کردبوو.

سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٨، پاش کۆبوونەوە پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە شاری بۆکان لەگەڵ "ژاکا ئیسماعیلپوور، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری"، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگە‌پارێزیی "وڵات" لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتیی و بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان بۆکان کرا و سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئازاد کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی سمکۆ مەعرووفی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.