بۆکان؛ هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:59 - 10 جۆزەردان 2721

ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران شەریفی" و خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی سۆران شەریفییان، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لەوانە مۆبایل، کتێب و کامپیوتێرەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، سۆران شەریفییان لە یەکێک لە دەرمانگاکانی بۆکان کار دەکات.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

سۆران شەریفییان، خێزاندار و خاوەن منداڵە.